٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. سەباح سوبحی: دەرکردنی یاسای نەوت و غاز لە پێشینەی کارەکانی ئێمە دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- دوای پێکھێنانی لیژنەی نەوت و غاز، پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی بەڕێوە برد و جێگری سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت، دەرکردنی یاسایەکی یەکگرتووی نەوت و غاز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و غاز لە دەستپێکی کارەکانی ئێمە دەبێت.

د. سەباح سوبحی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لیژنەی نەوت و غاز دوای پێکھێنانی، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی نەوت دەکات، چونکە ٩٥%ی داھاتی عێراق لەسەر نەوتە، دوای شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا گۆڕانکاری بەسەر کەرتی نەوتدا ھاتووە، بەتایبەتی لە ڕووی نرخەوە، لەبەر ئەوەیش کار بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی نەوت و غاز دەکەین.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز دەشڵێت: ''دوای پڕۆژەی ئازادیی عێراق یاسای نەوت و غاز ئامادە کراوە و دواتر لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشەوە پڕۆژە ھەبووە، بەڵام پڕۆژەی نەوت و غاز پەرت کراوە و تا ئێستا عێراق نەیتوانیوە ببێتە خاوەن یاسای خۆی، ئێمە لەم خۆڵەی پەرلەماندا بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و غاز ھەموو توانایەک دەخەینە گەڕ، ڕێگەیش نادەین یاسایەک دەربکرێت کە ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوتدا بەرچاو نەگیرێت.''

لەبارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵییەوە دژی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان د. سەباح سوبحی ڕوونی کردەوە: ''بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەی ڕەتکردنەوەی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی ھەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی لەسەر کارەکانی ئێمە دەبێت، ھەوڵ دەدەین ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن و بەرگری لە مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەین.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار