میکانیزمی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت دادەنرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی لێکۆڵینەوە و زانیاریی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری داوە، کە ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەموو ھەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی کەمدەرامەت دروست بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش میکانیزمێک بۆ چۆنیەتیی دروستکردنی دادەنرێت.
سەربەست خدر، بەڕێوەبەری گشتیی لێکۆڵینەوە و زانیاریی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فەرمانی داوە، کە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە قیستی درێژخایەن بۆ خەڵکی کەمدەرامەتی ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چووە.''
بەڕێوەبەری گشتیی لێکۆڵینەوە و زانیاریی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: ''بڕیارەکە دراوە و میکانیزمێکی بۆ دیاری دەکرێت، تا شوێن و زەویی دروستکردنی یەکەکان دیاری بکرێت، کە کەرتی وەبەرھێنان ئەو کارە جێبەجێ دەکات و تایبەت دەبێت بە خەڵکی کەمدەرامەت و بە قیستی درێژخایەن دەبێت، چاوەرێ دەکرێت میکانیزمی دروستکردنی ئەو٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە دیاری بکرێت.''
بڵند ئیبراھیم




