٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھۆڵەندا لە چەندین بواردا گرنگی بە ھەرێمی کوردستان دەدات، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵیدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی، پەیوەندییەکی زۆر باشی بازرگانی بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵیدا لە نێوان ھەرێم و ھۆڵەندا ھەیە، بە جۆرێک پرۆتۆکۆڵی لێکتێگەیشتن لە نێوان ھەرێم و ھۆڵەندا ھەیە، بۆیە ھەرێمی کوردستان سوودی زۆر لە ھۆڵەندا وەردەگرێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، ئەسکەندەر محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''گرنگیی ھۆڵەندا لەوەدایە کە ھەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەردەگرێت و ئەوانیش گرنگیی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدەن، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵی و پیشەسازییدا کە زۆر جار دێن و دەیانەوێت لە ھەرێم کار بکەن و لەبەر ئەوەی هۆڵەندا یەکێکە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و هۆڵەندا زۆر گرنگە، چونکە ھەر کاتێک بەرپرسێکی وڵاتی ھۆڵەندا دێتە ھەرێمی کوردستان شاندە بازرگانییەکان بەدوایاندا دێن و ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە لە بواری بازرگانیدا.''

ئەسکەندەر محەمەد گوتیشی: ''پەیوەندییەکانی ھەرێم و ھۆڵەندا لە ئاستێکی باشدایە و پرۆتۆکۆڵی لێکتێگەیشتنمان ھەیە و لەگەڵ شارەکانی ھۆڵەنداش بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانس و پێشانگاکان یەکتر بانگهێشت دەکەین و پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدایە و ھۆڵەنداش بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە.''

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''ھەرێمی کوردستان جگە لەوەش دەتوانێت سوودێکی زۆر لە ھۆڵەندا وەربگرێت لە بواری کشتوکاڵیدا، بەتایبەت لە شیرەمەنیدا، وەکوو ماست و شیر و پەنیر، چونکە ئەزموونێکی باشیان لە بواری کشتوکاڵدا ھەیە.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار