ئەمڕۆ ساڵیادی یەکەم بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانه

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 19ی 5ی 2022، یادى 30 ساڵەى یەکەم ئەزموونى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانه لەلایەن هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانەوەیە.
دواى ڕاپەڕینە مەزنەکەى گەلى کوردستان لە 5ی 3ی 1991 و بە مەبەستى بوون بە خاوەنى پەرلەمان و حکوومەتی کوردستان و بە ڕێککەوتنى حزبە کوردستانییەکان، ڕۆژى 19ی 5ی 1992 پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو.
ئەو هەڵبژرادنە بە یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانیى ئازاد و دادپەروەر دادەنرێت لە مێژووى عێراق کە تێیدا ڕێژەی 7%ى دەنگەکان وەک کەمترین ڕێژە داندرا بۆ هەر حزبێک، بۆ ئەوەى بتوانێت نوێنەرایەتیى خەڵک بکات لە پەرلەمان.
دواتر هەڵبژاردنەکە پێكهێنانى یەکەم ئەنجوومەنى نیشتمانیى کوردستان و دامەزراندنى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى بەدواى خۆیدا هێنا. لە 15ی 7ی 1992دا ئەنجوومەنى نیشتمانیى کوردستان (کە لە ساڵى 2009ەوە ناوى کرایە پەرلەمانى کوردستان)، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی سازدا و یاساى ژمارە (1)، کە یەکەم یاسا بوو، پەسەند کرا و ئەنجوومەنى وەک دەسەڵاتى یاسادانانى هەرێم دەستنیشان کرد و دواتر لە تشرینى یەکەمى هەمان ساڵدا دەنگى بە پێكهێنانى یەکەم کابینەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دا.
ههڵبژاردنهكانى ئەنجوومەنى نیشتمانیى کوردستان، لە 19ی ئایاری 1992 بە بەشداریی 997 هەزار و 229 دەنگدەر ئەنجام درا. کە بەھاوکاری و پشتیوانیی چاودێرانی دهرهوه بەڕێوەچوو.
لە ساڵى 1992ەوە تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان پێنج پڕۆسەى هەڵبژرادنی پەرلەمان بەڕێوەچووە.
ڕامان وریا




