٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شاری ھەولێر و ناشڤێڵی ئەمەریکا ھاوکاریی یەکتر دەکەن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- شاندێکی پارێزگای ھەولێر چەند ڕۆژێکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و ئەندامێکی شاندەکەش دەڵێت، دەمانەوێت لە نێوان ھەولێر و ناشڤێڵدا پەیوەندیی بەھێزی ئابووری و کولتووری و بازرگانی ھەبێت.

کەنعان خەیلانی، ئەندامی شاندی پارێزگای ھەولێر بۆ ئەمەریکا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''مەبەست لە سەردانی شاندی پارێزگای ھەولێر بۆ ئەمەریکا و بەتایبەتی بۆ شاری ناشڤێڵ گرێدانی پەیوەندییە لە نێوان ھەردوو شارەکەدا، بەتایبەتی ناشڤێڵ کە یەکێکە لە شارە بەناوبانگەکانی ئەمەریکا و زۆرترین ڕێژەی کوردی تێدایە، کە مەزەندە دەکرێت ٢٠ ھەزار خێزانی کورد لەو شارە ھەبن، ھەر لە ساڵانی حەفتاکانی ڕابردووەوە کورد ڕووی کردووەتە ئەو شارە و لە نێوان کورد و خەڵکی ئەو شارەدا پەیوەندیی بەھێز ھەیە.''

ئەندامەکەی شاندی پارێزگای ھەولێر دەشڵێت: ''لە سەردانەکەی شاندی ھەولێر لەگەڵ جالیەی کوردی و چاڵاکوان و ڕێکخراوەکانی ئەو شارە کۆ بووینەتەوە و جالیەی کوردی ھۆکار بووە بۆ سەردانی شاندی ھەولێر بۆ ئەو شارە.''

کەنعان خەیلانی ڕوونیشی کردەوە: ''جگە لە جالیەی کوردی چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرینگ لەگەڵ ئیدارەی شارەکە و دەزگا و فەرمانگە گرینگەکانی ناشڤێڵدا ھەبووە، ھەردوولا لەسەر بەھێزکردنی پەیوەندیی نێوان ھەولێر و ناشڤێڵ لە ھەموو بوارەکاندا ڕەزامەند بووین، بەتایبەتی لە ڕووی بازرگانی و ڕۆشنبیری و کولتوورییەوە، بڕیارە سەردانەکان لە نێوان ھەردوو شارەکەدا بەردەوام بێت، ئەمەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر.''

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار