٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمساڵ یەک تۆن گەنم بە ٨٥٠ ھەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەمساڵ بەھۆی ھەڵکشانی نرخی گەنم لە بازاڕەکانی جیھان، نرخی یەک تۆن گەنم بە ٨٥٠ ھەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت و بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانییش دەڵێت، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا شایستەی جووتیاران بۆ کڕینی بەرھەمی ئەمساڵ خەرج دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و ئێستا لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ دەستی پێ کردووە و ھەرچەندەش بەرھەم ھەبێت لە جووتیاران وەردەگیرێت، لە ڕووی نرخیشەوە ئەمساڵ جیاوازی ھەیە لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، چونکە نرخی گەنم لەسەر ئاستی جیھان بەرزە و بۆ ھەر تۆنێک گەنمی ئەمساڵ ٨٥٠ ھەزار دینار بە جووتیاران دەدرێت.''

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی: ''ئەمساڵ پلەبەندی بۆ گەنمی جوووتیاران نەکراوە و ھەر جۆرە گەنمێک ڕادەستی سایلۆ بکرێت ئەوە یەک نرخی بۆ دیاری کراوە، ھەموو جۆرەکانی گەنم بە ٨٥٠ ھەزار دینار وەردەگیرێن.''

لەبارەی خەرجکردنی شایستەی جووتیارانەوە، نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەمساڵ لە خەرجکردنی شایستەی جووتیاراندا گۆڕانکاری کراوە و ئەوەی تا ئێستا ھەیە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دوای ڕادەستکردنی گەنم لە لایەن جووتیارانەوە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا پارەی کڕینی گەنم بۆ جووتیاران خەرج دەکرێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار