وەزیری تەندروستی بۆ KDP: ڕۆژانە پشکنین دەکەین و گومانلێکراویشمان ھەیه

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای تۆمارکردنی حاڵەتێکی پەتای خوێن بەربوون لە ھەولێر چارەسەری بۆ کراوە و ڕەوانەی ماڵەوە کراوە، بەڵام چەند حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراویشمان ھەیە و تەنھا ئێستا یەکێک لە سنووری دھۆک گومانی زۆری لێ دەکرێت، کە ئەویش تووشی پەتای خوێن بەربوون بووبێت.
دکتۆر سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراوی پەتای خوێن بەربوون دانیشتووی شنگال لە زاخۆ تۆمار کراوە کە ئەگەری زۆری ھەیە ئەویش تووشی ئەو حاڵەتە بووە بەپێی نیشانەکان، بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی دھۆک کراوە و خەوێندراوە و تارادەیەک دۆخی تەندروستی جێگیرە، چونکە ئەو کەسە کاری سەربڕینی ئاژەڵی کردووە".
دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: "ئەو حاڵەتەی لە ھەولێریش تۆمارکرا دوای وەرگرتنی چارەسەر لە ئێستادا ئەو کەسە ڕەوانەی ماڵەوە کراوە، بەرزنجی باسی لەوەشکرد، بۆ کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە توشبوون و بڵاوبوونەوەی پەتای خوێن بەربوون، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێکاری پێویستی دەستپێکردووە بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان".
ناوبراو وتیشی: "ئێمە ڕۆژانە پشکنین بۆ گومانلێکراوان دەکەین و گومانلێکراومان ھەیە، بەڵام ئەوەی زاخۆ گومانێکی زۆری لێ دەکرێت کە تووشی پەتای خوێن بەربوون بووبێت".
بڵند ئیبراھیم




