ھاتووچۆ له نێوان ههرێمی كوردستان و ئێران دهبێتە ٢٤ کاتژمێر

حاجی ئۆمەران-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران رایگەیاند، ئاسانکاریکردن بۆ کاری بازرگانی و ھاتووچۆی گەشتیاری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران بەردەوامە و ھاتووچۆی گەشتیار بە ئۆتۆمبێل ئاسانکاری زیاتریان بۆ دەکرێت و دەبێتە ٢٤ کاتژمێر، بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتن کراوە.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "جموجۆڵی بازرگانی بەردەوام ھەیە و ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر ھاتووچۆ دەکات و خەڵکیش بەردەوام ھاتووچۆ دەکات لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، بەڵام کێشەی ھاتووچۆی ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیان ھەبوو کە گەشتیاران بە ئۆتۆمبێلی خۆیان ھاتووچۆ دەکەن، دوو گرفتیان ھەبوو، یەکەم زۆر دوادەکەوتن لە خاڵی سنووری تا دەچوونە ئێران و دووەمیش کاتەکەیان کەم بوو بەیانی تا کاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆ بوو، بەڵام رێککەوتن کراوە کە ببێتە ٢٤ کاتژمێر و ئاسانکاریشیان بۆ بکرێت".
عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: "ئێستا ئاسانکاری زۆر کراوە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ڤیزەیان پێدەدرێت و ئەوەی بە پیادە بچێتە ئێران پێویستی بە ڤیزە ھەیە و ئەوەی لە ڕێگەی ئاسمانی بێت پێویستی بە ڤیزە نیە، بۆیە ئێستا ڕۆژ بەڕۆژ چوونی خەڵک لەزیادبوون دایە و ڕۆژانە نزیکەی دوو ھەزار کەس ھاتووچۆ دەکەن بۆ تاران و ئورمیە و مھاباد و شارەکانی دیکەی ئێران، ھاوکات تاقیکردنەوەی قوتابخانەکان تەواو بێت ڕێژەکە زۆر لەوەش زیاتر دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




