٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پەروەردە: تاقیکردنەوەکان بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا.. ئه‌و دڵەڕاوکێیە وەلاوە بنێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ـ٢٠٢٢ـی پۆلە ناکۆتاکان و تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی ئەمڕۆ بەسەرکەوتوویی کۆتایی ھات، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان و ھەڵسەنگاندن، دەڵێت، سەرکەوتوانە تاقیکردنەوەکان کۆتاییان ھات و ئامادەکاری تەواوی ماددی و تەکنیکی کراوە بۆ پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە ٢٧ـی٦ـی٢٠٢٢ دەستپێدەکات لە ھەرێمی کوردستان.

پەیوەست بە پەروەردە و تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتیەکانی کۆتایی ساڵی٢٠٢١ـ٢٠٢٢زایینی، فاتیح مەولەوی زادە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان و ھەڵسەنگاندن لە وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ساڵێک و ئەمساڵیش ھاوشێوە و باشتریش ئامادەکاری تەواوی لە ڕووی ماددی و مەعنەوی کرد بۆ گشت ئاستەکان و تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتیش، ھەر بۆیە ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی تاقیکردنەوەکان بوو بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا".

تاقیکردنەوەکانی پۆلە ناکۆتاکان خولی یەکەمی وەرزی دووەم، ٨ـی٥ـی٢٠٢٢ دەستی پێکردوو دوێنێ ١٧ـی٥ـی٢٠٢٢ کۆتا ڕۆژیان بوو، ھەروەھا تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی نۆیەم ١٠ـی٥ـی٢٠٢٢ دەستی پێکردوو ئەمڕۆ ١٨ـی٥ـی٢٠٢٢ کۆتا ڕۆژبوو، تاقیکردنەوەی پەیمانگاکان و خوێندنی ئیسلامی و پیشەییەکان ١٠ـی٥ـی٢٠٢٢ دەستیپێکردوو ٢٣ـی٦ـی٢٠٢٢ کۆتایی پێدێت.

مەولەوی زادە گوتیشی: "جیاوازی ئەمساڵ لە ساڵەکانیتر لە تاقیکردنەوەی خولی دووەم دایە، کە کاتەکەی ھاتۆتە پێش بۆ پۆلی ١٢ و پۆلە ناکۆتاکانیش، ئەمە دەرفەتێکی باشە چونکە خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە ٧ـی٦ـی٢٠٢٢ تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکانە، ئەمە ھەنگاوێکی باشە لەبەر خاتری ئەوەی پلان و داتا و زانیارییەکانی ئەو قوتابیانەی دەچنە قۆناغێکی تری خوێندن زووتر بەردەست دەکەون ھاوشێوە بۆ میلاکی مامۆستایان و گواستنەوەی مامۆستایان ئەرێنی ترە، ھەروەھا ئەم قوتابیانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن دێنەوە یاخود دەیانەوێ خۆیان بگوازنەوە لە قوتابخانەیەکی ئینترناشناڵ بۆ قوتابخانەیەکی لۆکاڵ بۆ بەرانبەرکردنی بڕوانامەکان ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشی وەزارەتی پەروەردە بووە کاتی تاقیکردنەوەکانی ھێنایە پێش، تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی نۆیەم و ئیسلامی لە ١١ـی٦ـی٢٠٢٢ دەست پێدەکات و ١٦ـی٦ـی٢٠٢٢ بەپێی خشتەیەکی تایبەت کۆتا ڕۆژیان دەبێت، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ قوتابیان توانرا بەسەرکەوتوویی کۆتایی بە تاقیکردنەوەکان بھێنین و ڕەچاوی تەندروستی و کەشێکی ئارام و لەبار بۆ قوتابیان کرابوو".

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان و ھەڵسەنگاندن، زیاتر دەڵێت: "تاقیکردنەوەکانی ئەزموونە گشتیەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە ٢٧ـی٦ـی٢٠٢٢ دەست پێدەکات و لە ٢٨ـی٧ـی٢٠٢٢ کۆتایی پێدێت، خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی ئەزموونە گشتیەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بە ھەموو بەشەکانیەوە ٢٠ـی٨ـی٢٠٢٢ دەستپێدەکات ٢٩ـی٨ـی٢٠٢٢ کۆتایی پێدێت، لە ڕووی ماددی و تەکنیکیەوە بە ھەوڵی وەزیری پەروەردە ئالان حەمە سەعید، ئامادەکارییەکی تەواوی بۆکراوە، چەندین جاریش لە ساڵی پێشوو بۆ ئەم بابەتە لە ڕێگەی داواکردنی وەزیری پەروەردە لە سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی بە سوپاسەوە، جەنابیشیان زۆر بەھەندەوە سەرجەم ئەو پێشنیارانەی وەرگرتووە کە بۆ ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی١٢ـی ئامادەیی، ھەروەھا تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی ٩ـیەمی بنەڕەتی و خوێندنی ئەکادیمی و ئیسلامی، ھەر پێداویستیەکیتر بۆ کاتی تاقیکردنەوەکان کە داواکرابێت توانراوە دەستەبەر بکرێت ئەویش لە ڕێگای جەنابی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوکاری و پاڵپشتی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە".

ھەروەھا ئاماژە بەوەشدەکات: "ئەوەی کە پێویست بێت لەسەر قوتابی ئەو دڵەڕاوکێیەی ھەیانە وەلاوەی بنێن ھەوڵی زیاتری ممارەسەی خوێندنی خۆیان بکەن لەکاتێکدا لە ڕێگەی مامۆستایانەوە توانراوە وردەکاری و شیکاری پرسیارەکان بکرێت بۆیان بۆ سەرجەم وانەکان، ھەست بە بەرپرسیارەتی خۆیان بکەن بۆ ئایندەیەکی ڕووناک تێبکۆشن، چونکە ئەوەی گرنگە ھۆڵەکانی خوێندن بە شێوازێکی گشتگیر ھەمووی ئامادەکاری بۆ کراوە و لە سەرجەم شارەکان و قەزاکان پەیوەندیمان ھەیە بەیەکەوە".

ھاوکات، ئاماری قوتابیان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تا دوانزەی ئامادەیی نزیکەی ١ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار قوتابین، ئەوانەی لە پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بەشدارییان کردووە لە تاقیکردنەوەکان بەداتایەکی  جیاوازتر نزیکەی سەدو شانزە ھەزار و حەوت سەدو حەفتاو حەوت قوتابی بوون لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان کە ھەریەکە لە پەروەردەکانی پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید، ئەم ھۆڵانەی بۆیان تەرخانکرابوو سەرجەمیان دوو ھەزار و پێنج سەدو پەنجا و سێ ھۆڵ بوو بۆ تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی خوێندنی ئەکادیمی و ئیسلامی".

 

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار