پەرلەمانتارێکی پارتی: سەرۆک و جێگری ژمارەیەک لیژنەی پەرلەمانی بەر پارتی کەوتوون

بەغدا -KDP.info- پەرلەمانی عێراق خەریکی یەکلاکردنەوەی لیژنەکانیەتی و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، تا ئێستا سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و شەش جێگر بۆ پارتی یەکلا بوونەتەوە.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پەرلەمانی عێراق خەریکی دانانی لیژنەکانە و پارتی ژمارەیەک سەرۆک و جێگری لیژنەکانی پەرلەمانی بەر دەکەوێت، بەڵام ئەو پۆستانەی ئێستا لەنێو لیژنەکان دیاری دەکرێت لەسەر بنەمای تەمەنە، چونکە بە شێوەیەکی کاتییە تا ئەو کاتەی حکوومەتی نوێ پێک دێت، دواتر بە شێوەی ھەمیشەیی سەرۆک و جێگری لیژنەکانی پەرلەمان یەکلا دەکرێنەوە.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: ''ئەمڕۆ مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی، وەک سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە دیاری کراوە و ژمارەیەک جێگریش بەر پارتی کەوت کە پێشبینی دەکەین جگە لە ژمارەیەک سەرۆکی لیژنە شەش تا حەوت جێگریش بەر پارتی بکەوێت.''
ڕوونی کردەوە: ''ئەمڕۆ ژمارەیەک سەرۆک و جێگری لیژنەکانی دیاری کراون، بەیانی ڕۆژی چوارشەممەش ژمارەیەک لیژنەی دیکە و سەرۆک و دوو جێگر بۆ ژمارەیەک لیژنەی پەرلەمانی دیاری دەکرێن، دانانی لیژنەکانی پەرلەمان بۆ ئەوەیە پەرلەمان بکەوێتە کار بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و ھەر لیژنەیەک کاری خۆی بەڕێوە ببات.''
قائید میرۆ




