"پرۆسەی نەوتی کوردستان بەجیھانی کراوە"

ھەولێر-KDP.info- لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا کە ڕۆژنامەنووس، کارزان سەباح ھەورامی، ئامادەی کردووە، ھاتووە، جیا لە مووشەکبارانکردنی ھەولێر و ئەو ناوچانەی کە پێیان دەگوترێت ناوچەی گەرم کە ڕاستەوخۆ سنووریان لەگەڵ کوردستان ھەیە، وەزارەتی نەوتی عێراق و دادگای فیدراڵی بە مووشەکی سیاسی دەیانەوێت ھاوتەریب لەگەڵ ئامانجی درۆن و مووشەکەکان فشار لەسەر ھەولێر دروست بکەن بۆ ئەوەی ناچاری بکەن بە داخوازیەکانیان، پرۆسەی نەوتی کوردستانیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا باوەڕپێکراوە و ھیچ گرفتێکی یاسایی لەو پرۆسە نییە، ھەنگاوەکانی کاک مەسرور بارزانی بە ئاراستەی لۆبیکردن بەو پرسەوە گرنگن، بۆیە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان خوێندنەوەی ورد بۆ فشارەکانی بەغدا لەسەر ھەولێر و بە ئامانجگرتنی پرۆسەی نەوتی کوردستان ئاشکرا دەکات.
لە ماوەی ڕابردوودا، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٢٢ گرووپە لە یاسا دەرچووەکان و پشتیوانانی پشتەوەی گرووپەکان چەندین جار دامەزراوە نەوتییەکانی کوردستانیان کردووەتە ئامانج، جارێک بە ئامانجگرتنی سەرۆکی کۆمپانیای کار گرووپ کە لە ١٣ی٣ی٢٠٢٢ ماڵەکەی لە ھەولێر وێران کرا و دواتر لە ٦ی٤ی٢٠٢٢ دووبارە نزیک پاڵاوگەکانی کەورگۆسک کرایە ئامانجی مووشەکە نادیارەکان و دواتر لە ١ی٥ی٢٠٢٢ دووبارە قەزای خەبات لە سنووری پارێزگای ھەولێر کرایە ئامانج، ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ ھەتا مانگی ٣ی سالی ٢٠٢٢ بەم شێوەیە ھەولێر کراوەتە ئامانج.
(مانگی٢ی ٢٠٢١، ١٤ مووشەک، یەک کەس گیانی لەدەست دا و سێ کەسیش بریندار بوون)، (مانگی٢ی ٢٠٢١، سێ مووشەک کە زیانی مرۆییی نەبوو)، (مانگی ٤ی ٢٠٢١، درۆن، زیانی مرۆییی نەبوو)، (مانگی ٦ی ٢٠٢١، درۆن، زیانی مرۆییی نەبوو)، (مانگی ٧ی ٢٠٢١، درۆن، زیانی مرۆییی نەبوو)، (مانگی ٩ی ٢٠٢١ درۆن، زیانی مرۆییی نەبوو)، (مانگی ٩ی ٢٠٢١، شەش مووشەک، زیانی مرۆییی نەبوو)، (مانگی ٣ی ٢٠٢٢، ١٢ مووشەک زیانی مرۆییی نەبوو)، (مانگی ٣ی ٢٠٢٢، چوار مووشەک).
ئامانج لەم ھێرشانە دروستکردنی گوشارە لەسەر ھەولێر بە ئاراستەی کەمکردنەوەی داواکارییەکانی، یان ملکەچبوون بە داواکاری، بەشێکیان تەواو مەبەستدار بوون، کێڵگەی نەوتیان کردە ئامانج، کەی ئەم ئامانجە پێکرا؟ ئەو کاتەی کە گرفت لە نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و گاز ھاتە ئاراوە، ئەمە وا لێک دەدرێتەوە کە فشارێک لەسەر کوردستان بکرێت بۆ ئەوەی ناچار بکرێت لە دەرەوەی گفتوگۆ و لێکگەیشتن سازش لەسەر مافەکانی بکات، لە کاتێکدا ئەرکی حکوومەتی عێراقە کە چۆن پارێزگاری لە بیرە نەوتییەکانی خۆی دەکات، ئاواش پارێزگاری لە بیرە نەوتییەکانی کوردستان بکات، چونکە دواجار ئەم پڕۆسەی نەوتی کوردستان قانوونییە و لە چوارچێوەی قانووندا کراوە و بەپێی یاسای نەوت و گازی کوردستان کە ساڵی ٢٠٠٧ لە پەرلەمان دەرچووە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا کاری پێ کراوە، کەوایە چۆن دەبێت بەغدا ڕێگا بکات ئەمنیەتی ئەو ناوچانە تێک بچێت، لێکدانەوەی بەشێکی دیکەی شارەزایانی بواری نەوت ئەوەیە کە بەئامانجگرتنی بیرە نەوتییەکانی کوردستان بۆ ترسان و کشانەوەی کۆمپانیا جیھانییەکانە لە کوردستان.
ھاوکات لە کۆڕبەندی ئابووریی وزەی جیھان لە ئیمارات و لەناو ئەم لوتکە جیھانییە گەورەیەدا ھاوشانی نوێنەری ١٩٠ وڵات، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەکێک بوو لە بەشداربووانی سەرەکیی پەنێڵی «ئایا جیھان ئامادەیە بۆ قۆناخی پۆست پەترۆڵ؟» لەم پەنێڵە گرنگەشدا مەسرور بارزانی لەبارەی ھێرشی درۆن، یان بالیستیک بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان گوتی: "ئەو ھێرشانەی بە ڕۆکێتی بالیستیکی کرانە سەر ھەولێر، یەکێکە لەو ھەڕەشانەی دەکرێنە سەر ئاسایشی وزەی ھەرێمی کوردستان و، ئەوان وا سەیری پەرەپێدان و پێشکەوتنەکانی کەرتی وزەی ھەرێمی کوردستان دەکەن کە مەترسی بێت بۆ سەر خۆیان، بەڵام ئەم مەترسییە پێچەوانەکەی ڕاستە و، پەرەپێدانی کەرتی وزە لە ھەرێمی کوردستان، سوودێکی زۆری بۆ تەواوی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێی و جیھانیش ھەیە".
گرفتی ھەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت
ناچینەوە سەر ئەوەی لە ڕابردوو گرفتی ھەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت چی بووە، بەڵام لە مادەکانی ١١٢ و ١١٣ی دەستووری عێراقدا بە ئاشکرا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن ھەرێمەکان دەتوانن سوود لە سامانی سروشتیی خۆیان وەربگرن و تەفسیری دروست بۆ پرۆسەی نەوتی کراوە، بەغدا بە بیانووی گرفت لە پرۆسەی نەوت لە ٢٠١٤ کەوتەوە ململانێ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، گوایە ئەوەی کوردستان دەیکات جۆرێک لە پەیڕەویکردنی دوو سیاسەتی جیاواز لە پرۆسەی نەوت، لەم بارەشەوە بەغدا چەندین سکاڵای لە دەرەوەی وڵات لەدژی ھەرێمی کوردستان جووڵاندووە، تا ئیستاش ئەم گرفتە وەک خۆی ماوەتەوە، یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ھەولێر و بەغدا ئەوە بووە کە تا ئێستا یاسای نەوت و گاز لە عێراق پەسەند نەکراوە کە دەبوو لە ساڵی ٢٠٠٧ پەسەند بکرێت، بۆیە ئەوەی ئێستا بەغدا لە بواری نەوتدا دەیکات لە دەرەوەی یاسایی نەوت و گازە، کە بەپێی ئەو یاساییە دەبێت پرۆسەی نەوتی عێراق نیشتمانی بێت، بەو مانایەی کە کورد و سوننەش تێیدا بەشداربن، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە لە ھیچ دامەزراوەیەکی نەوتی عێراقدا پشکی کورد نییە، بۆ نموونە لە کۆمپانیای سۆمۆی عێراق کورد نییە، لە وەزارەتی نەوتی عێراق کورد نییە، لە پرۆسەی پێشخستنی کەرتی نەوت پرس بە کوردستان ناکرێت، ئەم گرفتانە لە ٢٠٠٣ـوە تا ئێستا لە نێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر نەکراون، لە سەردەمی نووری مالیکی لە ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٣ ئەم پرسە وەک خۆی مایەوە، لە ٢٠١٤ و لە سەردەمی حەیدەر عەبادی تا ٢٠١٨ ھیچ پێشکەوتنێک لەو بوارە نەبووە، بەڵکوو دۆخەکە خراپتر بوو، حکوومەتی عێراق لە ٢٠١٧ دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە زەبری ھێز سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی وەرگرتەوە، دواتر لە ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ کە عادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیران بوو، چونکە ماوەی مانەوەی وەک سەرۆکوەزیران کەم بوو، بەھۆی خۆپێشاندانی ٢٠١٩ ئەویش نەیتوانی ئەو پرسە چارەسەر بکات، بەڵام دوای ٢٠٢٠ قۆناغێکی نوی ھاتە ئاراوە، ئەویش ئەوە بوو کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەڵبژێردرا و ئیحسان عەبدولجەباری کردە وەزیری نەوتی عێراق، ھەر لەو کاتەدا گفتوگۆی ھەولێر و بەغدا دەستی پێکرد و ڕێککەوتن کرا، کە بەپێی ڕێککەوتنەکە ھەرێمی کوردستان و عێراق ڕێک کەوتوون لەسەر ئەوەی کە ڕۆژانە ھەرێم ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و بەغداش پشکی ھەرێم لە بوودجەی گشتیی عێراق بنێرێت، ئێستا ئەو ڕێککەوتنە ماوە، بەڵام بەغدا ناوە بەناوە ٢٠٠ ملیار دینار دەنێرێتە کوردستان کە دەبوو مانگانە لە کاتی خۆی بێت، ڕاستە کوردستان بەشەنەوت کە لەسەری ڕێککەوتن کراوە ناداتە بەغدا، بەڵام بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە پارەی لێ دەبردرێت لەجیاتی نەناردنی ئەو ٢٥٠ ھەزار بەرمیلە، ئێستا قۆناغێکی نوێ ھاتووەتە ئاراوە و بەغدا و ھەولێر دەیانەوێت بچنە گێمێکی دیکەی ئەم پرسەوە، لە ماوەی ڕابردوودا ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی پرۆسەی نەوتی کوردستانەوە ئەم لێدوانانەی داوە.
یەکەم: لە ٥ی٤ی٢٠٢٢ دەڵێت: ساڵی ڕابردوو بڕە پارەیەکی کەم بە ھەرێم دراوە، بەڵام ئەمساڵ بە گوێرەی ڕێوشوێن و پێودانگی دیکە پشکی ھەرێم حساب دەکرێت، ئێستا حکوومەتی فیدراڵی کاری لەسەر دەکات.
دووەم: لە ٢١ی٤ی٢٠٢٢دا ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، قبووڵی ناکەن چیتر ھەرێمی کوردستان بەرمیلێک نەوت بە کەمتر لە نرخی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نیشتمانی (سۆمۆ)ی عێراقی بفرۆشێت و ڕازییش نابن بەوەی تێچوی بەرھەمھێنانی ھەر بەرمیلێک بە ڕێژەی ٥٩% لە عێراق زیاتر بێت.
سێیەم: ڕۆژی ١١ی نیسانی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری نەوتی عێراق گوتی: یەکێک لە بنەماکان ئەوەیە کە دەبێت ھەرێمی کوردستان سەرجەم گرێبەست و ڕێککەوتنەکانی بە وەزارەتی نەوت بدات، ئامانجیش لەمە پێداچوونەوە و چاککردنیەتی.
چوارەم: ١٦ی٤ی٢٠٢٢ وەزیری نەوت دەڵێت: ٨٠%ی گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان دروستن، تەنیا پێمان وایە کێشە لە ٢٠%ی گرێبەستەکان ھەیە و دەشڵێت کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا نەبوونی متمانەیە.
پێنجەم: ئەم جارە بە پێچەوانەوە لە ڕۆژی ٧ی٥ی ٢٠٢٢ دەڵێت: ناکرێت دوو سیاسەتی نەوت لە یەک وڵاتدا ھەبێت و پرسی وزە بە سیاسی بکرێت و ئەمە کاریگەریی خراپی لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکخراوی ئۆپیک ھەبووە. ھەروەھا وەزیری نەوت بە پێویستی زانی وەزارەتی نەوت و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت ئامادەکاریی بکەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەکانی داھاتوو لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر ھەرێمی کوردستان.
لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بەداخەوە لە بەغداوە ھەر ڕۆژە و جۆرە قسەیەک لەسەر پرۆسەی نەوت دەکرێت و گرفت لەوەدایە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیووە لەگەڵ دامەزراوەی نەوتی عێراق مامەڵە بکات، بەغدا ھەمیشە وەزیری نەوتی وەک سیاسەتی نەوتی عێراق وێنا کردووە، لە کاتێکدا دەبوو ئەو پرۆسەیە نیشتمانی بێت، دواجار لەسەر قسەکانی وەزیری نەوتی عێراق، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ٨ی ئەم مانگە رایگەیاند: "دوای سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ پڕۆپۆزەڵێکی بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناردووە کە ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی دیراسەکردنی ئەم پرۆپۆزەڵەیە، کە تا کۆتاییی ئەم ھەفتەیە حکوومەتی ھەرێم بە فەرمی وەڵامی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەداتەوە، ھەروەھا لە چوارچێوەی دەستووردا کاری بە یەکەوەیی و ھەماھەنگیی گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبێت".
جووڵانەوەی مەسرور بارزانی لەسەر پرسی نەوت
ڕۆژی ٢٨ی٣ی ئەمساڵ، بەرێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەشداریی لە کۆڕبەندی جیھانیی وزەدا کرد لە ئیمارات، لە کۆڕبەندەکە کە زیاتر لە ١٩٠ وڵات و کۆمپانیای گەورە بەشدارییان تێدا کردبوو، سەرۆکی حکوومەت رایگەیاند: چیرۆکی وزەی ئێمە ھیوابەخشە، ئێمە لە سەرەتاوە دەستمان پێ کرد، ١٥ ساڵ لەمەوبەر کاتێک یاسای وەبەرھێنانی نەوتمان دەرکرد، بۆ ھەرێمێک کە لە ڕۆژێکدا نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت و ھەناردەی دەکات، ھەروەھا نزیکەی نیو ملیار پێ سێجای گاز بەرھەم دھێنێت لە ڕۆژێکدا و لەگەڵ بوونی ویست بۆ بەرەوپێشبردنی ھەردووکیان، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو. ناسەقامگیریی سیاسی لە عێراق و لە دوایینیشیدا ئەنجامدانی زوڵم و ستەم دژ بە ئێمە لەلایەن بڕیارەکانی ئەوەی کە پێی دەڵێن "دادگای فیدراڵی"، بەڵام ئێمە سەرکەوتوو بووین، تێڕوانینی من وایە، کە ئێمە بەرەو گەشەسەندن دەچین.
لەم وتارەدا سەرنجی زۆرێک لە کۆمپانیاکان بۆ کوردستان ڕاکێشرا، بەتایبەت ھەر یەک لە کۆمپانیاکانی ''شامران، گەلف کیستون، گەنەڵ ئینرجی، کریسنت کۆمپانی، پیترۆ گرووپ'' کە ھەر پێنج کۆمپانیاکەش لە دوای پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی ھەرێم لە کوردستان وەبەرھێنان لە کەرتی نەوت و گاز دەکەن. دواتر سەرۆکی حکوومەت پەیامی ھەبوو ویستی بیگەیەنێت بە جیھانی دەرەوە و لە ڕۆژی یەکەمی کۆڕبەندی جیھانیی وزە کە لەژێر ناونیشانی «جیۆپۆلیتیکی وەرچەرخانی وزە» بەڕێوە چوو، لە پەنێڵێکیدا بە ناونیشانی «پەرەپێدانی وزە، ھەناردەکردن و ئایندەی ھەرێمی کوردستان لە عێراقدا»، وتارێکی گرنگی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێستا کوردستان توانای بەرھەمھێنانی ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت و ٥٠٠ ملیۆن پێی سێجا گازی لە ڕۆژێکدا ھەیە، ئەمە یەکەم ھەنگاوی حکوومەتی ھەرێم بوو لەدوای پرۆسەی نەوت بە ڕاشکاوانە باسی پرۆسەی گازی سروشتی بکات، لێرەدا پەیامەکە گرنگە کە دەردەکەوێت کە بازاڕی گازی سروشتی کوردستان لەدوای شەڕی ئۆکراینا پێویستی بە بەبازاڕکردن ھەیە و پێداویستیی گرنگی یەکێتی ئەورووپاشە، ھەربۆیە سەرۆکی حکوومەت لە وتارەکەیدا زیاتر لەو بارەوە قسە دەکات و دەڵێت: ئەمە ئەو بارودۆخە نییە، کە ئێمە دەمانەوێ تێیدا بین، ئێمە ھەنگاوی خێرامان ناوە بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخە، بەم دواییە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خواستی خۆی دەربڕی لە کەرتی گازی ئێمە و پشتگیریی ماددیان پێشکەش کرد، وەک بەشێک لە ھەوڵەکان بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنانی گاز. دەزانم ئەمڕۆ ھەندێک لە ھاوبەشەکانی ئێمە، کە لێرەن، پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ حکوومەتەکەمان و دەسەڵاتە خۆجێییەکان کردووە بۆ پڕکردنەوەی ھەندێک لە کێشە و بۆشاییە کاتییەکان.
سەرۆکی حکوومەت زیاتر قسە دەکات و ڕوونی دەکاتەوە: ئێمە بەردەوام دەبین لە دروستکردنی وێستگەی وزەی زیاتر و وزەی پاک بۆ داھاتوویەکی بەھێز، لە ھەمان کاتدا ئێمە لە پەرەپێدان بە ھەناردەکردنمان بەردەوام دەبین، من دڵنیام کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێت بە سەرچاوەیەکی وزەی گرنگ بۆ ویست و خواستی جیھانی، کە بەردەوام لە زیادبووندایە. ئێمە لە داھاتوویەکی نزیکدا دەبین بە ھەناردەکاری گاز بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق، تورکیا و ئەورووپا و پێداویستیی ئاسایشی وزەی ئەوان دابین دەکەین، ئێستا توانای ھەناردەکردنی نەوتمان ھەیە، کە ڕۆڵێکی گرنگی ئابووری لە ئاراستەی ژیانمان دەبینێت و ھاوکات ڕۆڵی گرنگیش لە دابینکردنی وزە بۆ ھاوبەشەکانمان ھەیە، بڕێکی زۆری یەدەگی نەوت و گازمان لە ھەرێمەکەمان ھەیە.
دوای ئەم پەیامە بەداخەوە دەبینرێت دادگای فیدراڵی دەستی کردووە بە دروستکردنی گوشار لەسەر کەرتی نەوتی کوردستان بەتایبەت وەزیری نەوتی عێراق کە دەیەوێت لەدژی پرۆسەی نەوتی کوردستان بوەستێتەوە، بەشێک لە قسەکانی کاک مەسرور بارزانی جگە لەوەی نیەتی کوردستانی بۆ پرۆسەی گازی سروشتی نیشان دا، باسی لە دۆزینەوەی میکانیزمی پرۆسەکەش کرد گوتی: من گفتووگۆم لەگەڵ حکوومەتی عێراق و تورکیا و وڵاتانی کەنداو کردووە، لەبارەی دامەزراندنی شاڕێگەیەکی شەمەندەفەری ناوچەیی. پێم وایە ئەمە وەرچەرخانێک دەبێت بۆ عێراق و ناوچەکە، کە ڕێگەی بازرگانیی نوێ و پەنجەرەیەکی دیکە بە ڕووی ھەماھەنگی ناوچەکەدا دەکاتەوە.
جووڵانەوەی مەسرور بارزانی بە ئاراستەی مارکێتینگی گاز و نەوتی کوردستان بۆ ئەم قۆناغە گرنگ بوو، دڵنیاییەک دەداتە کۆمپانیا جیھانییەکان کە بێنە کوردستان وەبەرھێنان بکەن، دوای کۆڕبەندی ئابووریی ئیمارات، مەسرور بارزانی سەردانی تورکیا و بەریتانیای کرد و لەسەردانی بەریتانیادا بە ڕاشکاوانە گوتی: دەتوانین ئاستی بەرھەمھێنان بەرز بکەینەوە و ئەو بۆشاییەش پڕ بکەینەوە کە لە بواری وزەدا دروست دەبێت و ئێستا بە یاساکانی سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق کار دەکرێت، لە کاتێکدا دەبوایە لە دوای دەستوور، یاسای نەوت و گاز لە عێراق ھەبێت.
پرۆسەی نەوتی کوردستان بەجیھانی کراوە
کۆی گشتیی ئەم ھەوڵانەی کاک مەسرور بارزانی بۆ ئەوە بووە کە پرۆسەی نەوت و گازی کوردستان بکەوێتە سەر شادەماری نێودەوڵەتی و سەرەتا بە مارکێتینگ کاری لەسەر بکات، پرسیاری جددی ئەوەیە کە بۆچی لەم کاتەدا کە ھەرێمی کوردستان دەیەوێت گازی سروشتی خۆی و نەوتەکەی لەسەر نەخشەی وزەی جیھان فراوان بکات لەلایەن بەغداوە گرفتی بۆ دروست دەکرێت، لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا، د. بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری وزە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم چەند خاڵەی ڕوون کردەوە:
یەکەم: ئەوەی کە گوایە وەزیری نەوتی عێراق باس لەوە دەکات، ناکرێت دوو سیاسەتی نەوت لە عێراقدا ھەبێت، پێش ھەموو شتێک ئێمە لە وەزیری نەوتی عێراق دەپرسین، کە ئێوەن بەرپرسیاری یەکەم لە پارێزگاری لە سیاسەتی نەوتی عێراق، ئەوان لە بەسرە تا زاخۆ بەشدارن لە پێشخستنی کەرتی نەوت و لە سیاسەتی نەوت و ئیدارەدانی نەوت.
دووەم: ئەوان دەڵێن دەبێت لە عێراقدا یەک سیاسەت ھەبێت، ئێمەش دەڵێین باشە، بەڵام کام سیاسەت؟ ئێمە دەڵێین دەبێت ھەموو عێراق بەشدار بێت لە سیاسەتی نەوتدا، وەک لە دەستووری عێراقدا ھاتووە، بەتایبەت ئەو مادانەی باسی نەوت و گاز دەکەن لەگەڵ ھەرێمەکان، ئەگەر وا بێت دەبێت سەرجەم شارەزایان و پسپۆڕانی بواری نەوت لەو پارێزگایانەی کە نەوتیان لێیە، بەشداربن لە ئیدارەدانی نەوت و پێکەوە ئەو ڕەشنووسە ھەموار بکەنەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا دانراوە و گرنگە ئەمە بکرێتە بنەمایەکی ھاوبەش و ھەر حکوومەت دامەزرا لە عێراق، ئەو ڕەشنووسە بباتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ ئەوەی پرسی نەوت و گاز لە کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت، دواتر دەتوانرێت ببێتە بنەمایەک بۆ ڕێکخستنەوەی ئیدارەدانی نەوت لە ھەموو ھەرێمەکان و پارێزگاکان و ناوچەکان لە سەرتاسەری عێراق، بە فرۆشتن و گرێبەستن و ڕێژەی دەرھێنانەوە.
سێیەم: ناکرێت ٩٠٪ی داھاتی عێراق لەسەر کەرتی نەوت بێت، کەچی ئەم کەرتە ھەر بەو شێوەیە و بەبێ یاسا بەڕێوە بچێت، ئەمە ھەموومان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەوە و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە ڕاشکاوانە باسی لەوە کردووە کە دەبێت گەلی کوردستان بە مافە دەستوورییەکانی شاد ببێت، بۆیە خەڵکی کوردستان باش بزانن، کە ئێمە دەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا مافەکانمان پێ بدرێت، نەک خێر و سەدەقەی سیاسی، چونکە ئەوە مافی کوردستانە و لە دەستووردا ئاماژەی پێ دراوە، ئێمە تەنیا مامەڵە لەگەڵ دەستوور دەکەین، نەک لەگەڵ ڕێنوێنیی وەزارەتێک، یان قسەی وەزیرێک.
د. بێوار خنسی زیاتر قسە دەکات و رایشیگەیاند: "لە کۆبوونەوەی وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، چەند خاڵێکی باشی باس کردووە، یەکێک لەوانە گوتی %٨٠ی گرێبەستەکانی کوردستان لە بواری نەوتدا دروستن و بۆ %٢٠یشی دەتوانرێت بە لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت. خاڵی دواتر گوتی، دەستی سیاسی ھاتووەتە ناو کەرتی ئابووری و نەوت، ئێمە دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو دەستە لە ئیدارەدانی ئابووری دوور بخرێتەوە، خاڵی سێیەم گوتی نەبوونی یاسا ھۆکارە بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە لە نێوان ھەولێر و بەغدا دروست بن. بەڵام ئەمە بە وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی عێراق ناکرێت، ئەمە دەبێت قەوارە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی داھاتووی عێراق و ھێزە سیاسییەکان پێکەوە کاری بۆ بکەن، تاکوو جارێکی دیکە ئەو باوەڕە لە بواری ھاوبەشی کەرتی نەوتدا برەو پەیدا بکاتەوە و ئەمەش بە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز دەکرێت و ئەوەش لێکتێگەیشتنی دەوێ".
راوێژکاری سەرۆکی حکوومەت ئەوەش دەخاتەڕوو: "بە ڕاشکاوی دەڵێم ئەمە ناکرێت بە ئیدارەی مەرکەزی چارەسەر بکرێت، دەبێت ئاگادار بین ئیدارەی مەرکەزی و دەوڵەتی مەرکەزی زۆر جیاوازن، بۆیە ئێمە پرسیار لە وەزیری نەوتی عێراق دەکەین، چۆن دەتوانن پارێزگاری لە دامەزراوە نەوتییەکانی عێراق بکەن، دەبێت ئاواش لە خەمی دامەزراوە نەوتییەکانی کوردستاندا بن، چونکە دواجار ئەم دامەزراوانە بەشێکن لە عێراق و پێشمەرگەی قارەمان، ھەزاران شەھیدیان دا بۆ پارێزگاری لە ناوچە نەوتییەکانی مادەی ١٤٠ و سوپای عێراق لە ناوچەکان کشایەوە و پێشمەرگە پارێزگاریی لە دامەزراوە نەوتییەکان کرد، ئێستاش دەبێت ئەوان بەو گیانەوە لە دامەزراوەکانی نەوتی کوردستان بڕوانن''.
لەبارەی پرسی ھەڕەشەکانی سەر دامەزاروە نەوتییەکانی کوردستانەوە، د. بێوار خنسی دەڵێت: "دەبێت چۆن وەزیری نەوتی عێراق دامەزراوەکانی نەوتی عێراق دەپارێزێت دامەزراوەکانی نەوتی کوردستانیش بپارێزێت و دەستی ئەو ھێزانە ببڕدرێت کە ھەر ڕۆژە و ھەفتەیەک بۆڕیی نەوتی کوردستان دەکەنە ئامانج ئەمە بەشێکە لە دامەزاروەی نەوتی عێراقیش چۆن دەبێت بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، جیا لەوەش لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە پارێزگاریی زۆری لە دامەزراوە نەوتییەکانی عێراق کرد لە سنووری ماددەی ١٤٠، بەتایبەت عەینزالە و ناوچەکانی دیکە".
ناوبراوگوتیشی: "گریمان پرۆسەی نەوتی کوردستان کرایە ئامانج، کێ قازانج دەکات؟ ئەوەتا یاسای نەوت و گازتان نییە، دەتوانن وەزارەتێکتان ھەبێت بە ناوی وەزارەتی نەوت؟ دواتر دەبوو یاسایەک دەربچێت لە پەرلەمانی عێراق بۆ پرسی نەوت و گاز، ئێستاش ھاتوویت سەنگەرت لە کەرتی نەوتی کوردستان گرتووە".
لەبارەی وەبەرھێنانی جیھان لە پرسی نەوتی کوردستان، د. بێوار خسنی ئەوەی خستەڕوو: "ئەوە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە تا چەند ھێمنی و ئارامیی کوردستان دەپارێزرێت، سەرجەم دامەزراوەکانی کوردستان لەسەر خەتن بۆ پاراستنی ئارامیی کوردستان و ئەو سەقامگیرییە تا چەند پێش بکەوێت، باشترە، بۆیە ئەگەر عێراقێکی پێشکەوتوو بنیاد بنرێت، دەبێت ئارامی لە ھەموو شوێنێک ھەبێت، بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە بێنە کوردستان و کار بکەن بۆ ڕێکخستنی کەرتی نەوت و گەڕانی نەوت و قۆناغی فرۆشتن و بازرگانیی نەوت و ئیدارەی باشی پرۆسەی نەوت، ئەمانە پێویستی بە ئارامی و لێکگەیشتنی باش ھەیە لە نێوان ھەولێر و بەغدا، جیا لەوەش پرۆسەی نەوتی کوردستان نێودەوڵەتییە، ئەگەر ئارامی نەبێت لە کوردستان ئەم کۆمپانیایانە ناتوانن لە کوردستان کار بکەن، ئەوەتا کۆمپانیاکان لە زاخۆ بۆ نزیک خانەقین کار دەکەن، ئەگەر ھێمنی نەبووایە لە کوردستان، چۆن دەیانتوانی کار بکەن، ئێستاش سیاسەتی کوردستان وایە کە ھەمیشە لەگەڵ گفتوگۆین لەگەڵ بەغدا".
ھەروەھا ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە دەمانەوێت بابەتی نەوت پرسێکی دەوڵەتی بێت، کاتی خۆی نەوتی عێراق کەوتە دەست سەددام، فرۆشتی بە تاڵان و شەڕی پێ کرد، عێراق چی لێ ھات؟ ئێستا بیھێننە بەرچاوتان نەوتی عێراق بەرمیلی بە ١٠٠ دۆلارەوە، بکەوێتە دەست ھێزێکی سیاسی چی لێدێت؟ دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت، بۆیە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەناو ھەرێمەکان و پارێزگاکاندا زۆر گرنگە و ئێستاش پرۆسەکە بە سەرۆکایەتیی کاک مەسرور بارزانی بەڕێوە دەچێت و چەندین جار گوتوویەتی کە ئەگەر داھاتی نەوت بە یەکسانی لە عێراق دابەشی سەر ھەموو پارێزگاکان بکرێت، ئێمە قبووڵمانە، بەتایبەت ئەو پارێزگایانەی زیانمەند بوون، بەتایبەتیش پێش ساڵی ٢٠٠٣، بەڵام بەپێی دەستووری عێراق ئێستا ئێمە وەک کوردستان گرفتمان نییە و نەبوینەتە گرفت لەبەردەم پرۆسەی نەوتی عێراق، بەڵام بەڕاستی ناماقووڵە لە مانگی ئادار عێراق بایی ١١ ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە، کەچی ئەوە دۆخی عێراق بێت لە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەوە، ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەیە کە ئیدارەی کەرتی نەوت ناگونجێت لەگەڵ سیستەمی فیدراڵیی عێراق و دەبێت ئەم شێوازە نەمێنێت.
ھەر لەسەر ئەم پرسە د. عەبدوڵا عەلیاوەیی، راویژکاری پێشووی سەرۆککۆماری عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان چەند خاڵێک لەو بارەوە ڕوون دەکاتەوە.
یەکەم: دەبێت گفتوگۆ لە نێوان ھەولێر و بەغدا بکرێتەوە، بەڵام ئەمەش گرفتی بۆ دروست دەبێت، چونکە ئێستا حکوومەتێک لە عێراق نییە کە ئەوەندە دەسەڵاتی ھەبێت لەگەڵ ھەولێر بکەوێتە گفتوگۆ، باشترین چارەسەر ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق کە دروست بوو لەگەڵ ھەولێر بکەوێتە گفتوگۆ و ڕێککەوتن چونکە درێژەکێشانی زەرەری دەبێت بۆ ھەموو عێراق.
دووەم: دەبێت ھەولێر و بەغدا تەنازول بۆ یەکتری بکەن و کارئاسانی بکەن، ئەمەش پێویستی بە لێکگەیشتنی باش ھەیە.
سێیەم: قسەکانی وەزیری نەوت جۆرێک لە قسەی سیاسی بوو، چونکە دیارە پاڵەپەستۆی سیاسی بوو نەک چارەسەر و نازانین کەی وەزیری نەوتی عێراق کۆتایی بە کارەکانی دێت لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق.
چوارەم: دەبێت ھەولێر و بەغدا ھەوڵ بدەن کە یاسای نەوت و گاز دابنرێت کە نە کوردستان زەرەر بکات و نە بەغدا زەرەر بکات، بۆ ئەوەی دۆخەکە لە نێوانیاندا ئارام ببێتەوە و ئەوەش لەکۆڵ ببێتەوە کە مووچە ھەیە، یان نییە.
عەبدوڵا عەلیاوەیی ئەوەشی خستەڕوو: "کە دەبێت کورد ھاوبەش بێت لە دامەزراوەی نەوتی عێراق، بەتایبەت بریکاری وەزیری نەوتی عێراق پێشووتر کورد بوو، ئێستا نەماوە و لەم دامەزراوانە دەبێت پشکی نەتەوەکان ھەبێت و دەبێت یەکسانی بپارێزرێت، بەبێ بوونی کورد لە دامەزراوە نەوتییەکانی عێراقدا ئەم گرفتانە چارەسەر نابێت".




