٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی ٤، ته‌وه‌ره‌كانی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بۆ KDP ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- سەعید سەلیم پشده‌ری، بەرپرسی لقی ٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پارتی لەگەڵ یەکێتی و ھەموو لایەنەکان کۆدەبێتەوە، دەشڵێت، پرسی سەرۆککۆمار و بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان و کۆکردنەوەی داھات تەوەری کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەبن.

سەعید سەلیم پشده‌ری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھەموو لایەنە سیاسیەکان بەرپرسن بەرامبەر بەو کێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی ھاووڵاتیان و وڵاتەکەمان دەبێتەوە، پارتی خۆی بەرپرسیار دەزانێت و بۆ جاری یەکەمیش نییە دەستپێشخەری دەکات بۆ لایەنەکان و کردنەوەی ئەو گرێ کوێرانەی ڕەوشێکی چەق بەستووی ھێناوەتە ئاراوە، ھەروەھا ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەی ڕابردوو بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی بڕیاری دا جارێکی دیکە دەستپێشخەری بۆ لایەنە سیاسییەکان رابگەیەنێت".

پشده‌ری گوتیشی: "پێشنیازی پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و ھەموو لایەنەکانە، واتە پارتی بڕیاری داوە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆببێتەوە و لەوانەش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تا ھەموومان لەسەر مێزی دانوستان کۆببینەوە و یەکگرتوو و کۆدەنگ بین لەسەر تێپەڕاندنی کێشەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان ھەیەتی، ھیوادارین ھەموو لایەنەکان ئامادەکاریان ھەبێت بۆ دەستپێشخەریەکەی پارتی".

لەبارەی ئەوەی ئایا پارتی سەردانی سلێمانی دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، سەعید سەلیم دەڵێت: "بەلای ئێمەوە شوێنی کۆبوونەوە ئەوەندە گرنیگ نیە بەقەد ئەوەی بابەتی کۆبوونەوە گرینگە، کارکردن بۆ بەدیھێنانی ئامانجێکی ئەرێنی ئەوە گرینگە لای پارتی".

سەعید سەلیم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئەو کێشانەی لە ئێستادا ھەیە لەنێوان پارتی و یەکێتی دیارە ناکۆکی لەسەر پرسی سەرۆککۆمار و بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و پرسی کۆکردنەوەی داھاتە نانەوتیەکان و چەندین بابەتی دیکە ھەن، ئەوانیش قابیلی چارەسەرکردنن، ھیوادارین لە کۆبوونەوەکانی نێوان ھەردوولا بگەنە ئەنجامێک".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار