" پارتی پرۆژەی بۆ مووسڵ هەیە "

مووسڵ -KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتی دەڵێت، بە هەوڵی ئەندامانی پارتی توانیویانە ڕەزامەندی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕێگای باعەدرێ-بەدریکێ وەربگرن.
شەریف سلێمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پرۆژەی ڕێگای باعەدرێ-بەدریکێ بۆ ناوچە ئێزدی و مەسیحینشینەکانی دەشتی نەینەوا گرنگە و پرۆژەیەکی ستراتیژیی نێودەوڵەتییە و ڕێگایەکی بازرگانییشە لە نێوان عێراق و تورکیا.''
گوتیشی: ''پارتی هەموو هەوڵێک دەدات لەم ناوچەیەدا پرۆژە جێبەجێ بکرێت و خۆی بە خاوەنی ئەم ناوچەیە دادەنێت، بۆیە دەیەوێت خزمەت بە خەڵکی ناوچەکە بگات.''
شەریف سلێمان جەختی لەوەش کردەوە: ''خەڵکی ناوچەکە زیانی گەورەیان بەر کەوتووە و ناوچەکە شایانی ئاوەدانییە و پارتی هەموو هەوڵێک دەدات خزمەتگوزاری بگەیەنێتە مووسڵ و خەڵکەکەی.''
کاروان باعەدری




