شارەوانیی ھەولێر ھەڵمەتێکی فراوانی نوژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی دەست پێ کردووە

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی شارەوانیی ھەولێر گوتی، ھەڵمەتێکیان بۆ نوژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی کۆڵان و شەقامەکانی ھەولێر دەست پێ کردووە و بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتیش زیاتر کار بۆ ئەو ناوچانە دەکەن کە دانیشتووانەکەی ھەژارنشینن.
گوتەبێژی شارەوانیی ھەولێر، سیامەند کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەستمان بە ھەڵمەتێک کردووە بۆ نوژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکان و لە سەرەتای ساڵەوە بەپێی داھاتی ١٥%ی مانگانەی شارەوانی و بەپێی ئەو قێرەی بەردەستە، لە سەرجەم شارەوانییەکانی ھەولێر ئەو شەقام و کۆڵانانەی پێویستیان بە نوژەنکردنەوە ھەیە، نوژەن دەکرێنەوە و کارێکی زۆر کراوە، بۆیە زۆرینەی کوچە و کۆڵان و شەقامەکان نوژەن کراونەتەوە و بەشێکیشی قیرتاو کراون، بۆ نموونە لە شەقامی ٤٠ مەتری تا١٠٠ مەتری لای بانکی خوێن نزیک نەخۆشخانەی ڕزگاری چاک کراوەتەوە و لای لەنگە چەندین شوێن نوژەن کراوەتەوە و شەقامی ڕۆشنبیری قیرتاو کراوە و فەرمانبەران قیرتاو کراوە، ئەمە ھەمووی هەر لەسەر داھاتی ١٥% مانگانەی شارەوانی ھەولێرە.''
گوتەبێژی شارەوانیی ھەولێر گوتیشی: ''بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت و پارێزگاری ھەولێر و وەزارەتی شارەوانی، ئێمە زیاتر کاری نوژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی ئەو کۆڵان و شەقامان دەکەین کە خەڵکەکەی ھەژارنشینە، چونکە ئەوان زیاتر پێویستیان بە نوژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامەکان ھەیە .''
سیامەند کەریم باسی لەوەش کرد: ''کاری زۆر باشمان کردووە و ناوەستین تا شوێنێک پێویستی بە نوژەنکردنەوە، یان قیرتاوکردن ھەبێت.''
بڵند ئیبراھیم




