٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە وەزارەتی شەھیدان مووچەی ١١ ھەزار کەس بڕدراوە کە بەدەر لە یاسا سوودمەند بوون''

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ئاشکرای کرد، لە وەزارەتی شەھیدان مووچە و مینحەی ١١ ھەزار کەس لەوانەی بەدەر لە یاسا سوودمەند بوون، بڕاوە و دەشڵێت، پڕۆسەکە بەردەوامە و پێداچوونەوە بۆ فایلی ھەموو شەھید و ئەنفالکراوان و زیندانییە سیاسییەکان دەکرێت.

عادل حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوابەدوای دەرچوونی یاسای ژمارە ٢ی تایبەت بە چاکسازی، مووچە و دەرماڵە و بەخشین و خانەنشینی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و پەیڕەوی بۆ دەرکراوە و ڕەوانەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان کراوە، ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی یاسا و پەیڕەوەکە وەزیری شەھیدان ژمارەیەک لیژنەی لەسەر ئاستی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان پێک ھێنا، وەزیری شەهیدان خۆی سەرۆکی لیژنەی باڵای چاکسازییە و ژمارەیەک لیژنەی لاوەکیش لە پارێزگاکان پێک ھاتوون.''

بەرپرسەکەی وەزارەتی شەھیدان دەشڵێت: ''پرۆسەی چاکسازی لە شەھیدان و ئەنفال و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی ئەنفال بەڕێوە دەچێت و دۆسیەی تاقانەکانی جینۆساید یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام چاکسازی لە دۆسیەی زیندانیانی سیاسی بەردەوامە و ڕۆژانە لەسەر ئاستی وەزارەت بە ھەرسێ جۆری شەھیدی ھاووڵاتی و سەنگەر و جینۆساید لیژنەکان بەردەوامن لە کارەکانیاندا و تا ئێستا بەردەوام کار لەسەر دۆسیەکانیان دەکەن.''

عادل حەمەساڵح ڕوونیشی کردەوە: ''لە ھەنگاوی یەکەمدا مووچە و مینحەی ١١ ھەزار کەس لەوانەی بە نایاسایی سوودمەند بوون، بڕاوە و بەوەیش نزیکەی نۆ سەد و هەشتا و شەش ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕاوەتەوە، ڕۆژانەش لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگاکان مووچەی ئەوانەی بە نایاسایی مووچە و مینحەیان بۆ بڕاوەتەوە، دەبردرێت و ئەوەیش لە چوارچێوەی بڕگە و حوکمەکانی یاسای چاکسازیدا.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار