''پێشمەرگە و ھاوپەیمانان ھێرشەکانیان بۆ سەر داعش چڕ کردووەتەوە"

هەولێر -KDP.info- چەند ڕۆژێکە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان ھێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی داعش چڕ کردووەتەوە و فەرماندەکانی پێشمەرگەش دەڵێن، ناھێلێن داعش زەفەر بە ناوچەکانیان ببات و بە توندترین شێوە بەرەنگاریان دەبنەوە.
سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری دیجلەی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''داعش لەو سنوورانەی پێشمەرگەی تێدایە، نییە و تەنیا مەترسیی داعش ئەوەیە بۆشاییی ئەمنی لە ھەندێک ناوچە ھەیە و چەکدارانی داعش بە کەڵکوەرگرتن لە بۆشاییی ئەمنی ھەندێک جار دەیانەوێت بە ئامانجگرتنی ھێزەکانی پێشمەرگە دەستی خۆیان بوەشێنن، بەڵام سەنگەرەکانی پێشمەرگە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێکی تیرۆریستان ئامادە کراون.''
بابیری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە پارێزگای نەینەوا لەو سنوورەی ئێمەدا چەکدارانی داعش لە زۆر ناوچە جێگیر کراون، بەتایبەتی ئەوانەی نزیکی سنووری سووریان، وەک بەعاج و شنگال و ھەندێ ناوچەی دیکە، ھێزە عێراقییەکانیش نەیانتوانیوە وەک پێشمەرگە کۆنتڕۆڵی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی خۆیان بکەن.''
لیوا عەبدولخالق تەلعەت، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرای کرد: ''ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرگریی عێراق و ھاوپەیمانان بەردەوام لە ھەوڵدا بووە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی داعش و ھەماھەنگیی باش کراوە بۆ لێدانی داعش، پێشتر لەوانەیە ئاستی ھەماھەنگی وەک پێویست نەبووبێت، بەڵام ئێستا زۆر باشترە و چەندین ئۆپەراسیۆن و چاڵاکیی ھاوبەش دژی داعش بەڕێوە چووە.''
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لیوا عەبدولخالق تەلعەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەند ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بەڕێوە چوون و ئەم ڕۆژانەش ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش ھەبووە و بەردەوامیش دەبین لەگەڵ ھاوپەیمانان و ھێزە عێراقییەکانیش، چونکە ئاشکرایە داعش دوای ماوەیەک بێدەنگی دەستی بە جووڵە کردووەتەوە و مەترسیی گەورەی بۆ سەر ھەندێ ناوچە هەبووە.''
قائید میرۆ




