کلارا عودیشو: کریستیانەکانی نەینەوا مەترسی دەرکردنیان لەسەرە

هەولێر-KDP.info- کریستیانەکان مەترسیان ھەیە ئاڵۆزیەکانی شنگال دەشتی نەینەواش بگرێتەوە و، نوێنەرێکی کریستیانیش پێی وایە، پیلانێکی مەترسیدار ھەیە بۆ وەدەرنانی پێکھاتەی کریستیان لە نەینەوا و، دەڵێ، بەڵگە ھەیە لەسەر زەوتکردنی زەوی کریستیان و بە شیعەکردنی ناوچەکانیان.
کلارا عودیشو، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەھۆی ئەو سیاسەتەی ئێستا لە ناوچەکەیان جێبەجێدەکرێت مەترسی لەسەر ناوچەکانی کریستیانەکان ھەیە، بەتایبەتی دەڤەری دەشتی نەینەوا کەوتۆتە ژێر ھەڕەشەی لەناوچوون، چونکە ژمارەیەک ھێزی جیاواز و میلیشیای تێدایە پیلان دەگێرن و کار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا دەکەن، ئەوەی جێی مەترسیە دەست بۆ زەوتکردنی زەوی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا دەبرێت و بە زۆر دەیانەوێ کریستیانەکان ناچاربکرێن ھەرچی زەویی و موڵک و ماڵیان ھەیە بفرۆشن بە لایەنێکی مەزھەبی دیاریکراو".
نوێنەرەکەی کریستیان دەشڵێت: "پەنابردن بۆ زەوتکردنی زەوی کریستیانەکان ئاماژەی مەترسیدارن لەسەر پێکھاتەیەکی ڕەسەنی عێراق و ناوچەکە و، بەو ھۆیەوە ساڵانی ڕابردوو سەدان ھەزار کریستیان ناچاربوونە بەھۆی ھەڕەشەی لەناوچوونیان عێراق بەرەو وڵاتانی بیانی بەجێبھێلن".
کلارا عودیشو ڕوونیشیکردەوە: "ئەوەی لە شنگال دەگوزەرێت درێژە پێدەری ئەو سیاسەتەی ھەندێ ھێزی نا شەرعی و میلیشیایە دژی پێکھاتەکان و مەترسی ھەیە لە ئایندەدا ھەمان ئاڵۆزی شنگال بگوازرێتەوە بۆ دەشتی نەینەوا، چونکە میلیشیاکان رێگرن لەبەرامبەر پرۆسەی ئاوەدانی دەشتی نەینەوا و چەندین وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ھەن دەیانەوێ دەستی ئاوەدانی بگەیەننە ناوچەکانی ئێمە، بەڵام بەداخەوە رێگریان لێدەکرێت و نە حکوومەتی فیدراڵ و نە لایەنی نێودەوڵەتیش ناتوانن کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەشتی نەینەوا بکەن".
قائید میرۆ




