ڕێگای جووتسایدی ناو روڤیا بە گوژمەی ١٣ ملیار دینار دروست دەکرێت

روڤیا-KDP.info- سەرۆکی شارەوانی روڤیا ئاشکرایکرد، دروستکردنی ڕێگای جووتسایدی ناو روڤیا بە گوژمەی ١٣ ملیار دینار دروست دەکرێت و لە ئێستادا تەنھا رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران ماوە و دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت.
سەرۆکی شارەوانی ناحیەی روڤیا، عەبدولستار ڕەمەزان یوسف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ساڵانە پڕۆژە پێشکەش دەکرێت و بەپێی بوودجە پڕۆژەکان جێبەجێ دەکرێن، ساڵی پار ٦٨٠ ملیۆن دیناری عێراقی بۆ گەڕەکەکانی ناو ناحیەی روڤیا تەرخان کرابوو، پڕۆژەکان ھەندێکیان تەواو بووە و بەشێکی پڕۆژەکان تا ئێستا تەواو نەکراوە".
عەبدولستار ڕەمەزان گوتیشی: "ئەوە دوو ساڵە چەند پڕۆژەیەک بۆ ناحیەی روڤیا دەرچووە، بۆ ئەمساڵ بڕیاردراوە قۆناغی دووەمی چاککردنەوەی ڕێگای گەڕەکەکانی ناو روڤیا بە درێژایی دوو ھەزار و ٤٥ مەتر و بە گوژمەی ٤٥١ ملیۆن دیناری عێراقی ئەنجامبدرێت، کە تەنھا چەند ڕێکارێکی ماوە".
سەرۆکی شارەوانی روڤیا ئاماژە بەوەشدەکات: "ئێمە وەکو شارەوانی روڤیا ھەوڵمانداوە و بەدواداچونمان کردووە، کە ڕێگای سەرەکی ناو روڤیا تەنھا رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران ماوە بدرێت بۆ ئەوەی دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت، کە گوژمەکەی زیاتر لە ١٣ ملیار دینارە و ھەوڵدەدەین بە زووترین کات پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت و بکەوێتە خزمەتی ھاووڵاتیان".
بڵند ئیبراھیم




