نایف سەیدۆ: مەترسی ھەیە دوای تاقیکردنەوەکان دووبارە ئاڵۆزی لە شنگال دروست بێتەوە

شنگال-KDP.info- قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت رایگەیاند، لە ئێستادا لەسەر داواکاری خەڵک و خۆپیشاندەران پشێویەکانی شنگال لە نێوان پەکەکە و سوپا وەستاوە بەھۆی ئەوەی تاقیکردنەوەی قوتابیان ھەیە، بەڵام مەترسی ھەیە دوای تاقیکردنەوەکان جارێکی دیکە پشێوی دروست بێتەوە، چونکە حکوومەت سوورە لە سەر دەرکردنی پەکەکە و ئەوانیش شنگال چۆڵ ناکەن.
نایف سەیدۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ئێستادا دۆخی شنگال ھەندێک ئارامە بەھۆی ئەوەی خەڵک خۆپیشاندانی کرد و داوایکرد شەڕ بوەستێت و ھێزەکان بچنە دەرەوەی شار و بە پۆلیس ڕاسپێردرێت و کاتی تاقیکردنەوەی قوتابیانە، بەڵام تەنھا شەڕ وەستاوە و ھێزەکان لەناو شنگال و کۆمەڵگاکان ماون، ئێستا تاقیکردنەوەی قوتابیانە و مەترسی ھەیە دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان دووبارە پشێوی دروست بێتەوە".
قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت گوتیشی: "ئێمە وەکو خەڵکی شنگال چەندین داواکاریمان ھەبوو بۆمان جێبەجێبکرێت بەھۆی ئەو کارەساتەی بەسەر ئێمەدا ھات، وەکو بەجینۆساید ناساندنی کارەساتی شنگال و دەرھێنانی ڕووفاتەکان لە گۆڕە بەکۆمەلەکان و ئازادکردنی ڕفێندراوان و گەرانەوەی ئاوارەکان، بەڵام نەک ئەوە نەکرا بگرە دۆخەکە خراپتر بوو ئەوانەی لە شنگالیش بوون ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونەوە، کە زیاتر لە ٧٠٠ خێزان بوو، ئێستاش لە کەمپەکان نیشتەجێکراون".
نایف سەیدۆ باسی لەوەشکرد: "ئێمە داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکەین، چونکە ئەو ڕێککەوتنە دەبێتە ھۆی ئارامبوونەوەی دۆخی شنگال، کە ھێزەکان بچنە دەرەوە و پۆلیس شوێنی ئەوان بگرێتەوە، کە بڕیاربوو ٢ ھەزار و ٥٠٠ پۆلیسی بۆ دامەزرێت و تا ئێستا ھیچ ھەنگاوی بۆ نەنراوە، بۆیە ئێستا شنگال چارەسەری زەحمەت بووە و بۆتە شوێنی ململانێی سیاسی لایەنەکانی ناوخۆیی و ھەرێمی".
قایمقامی شنگال ھەروەھا دەشڵێ: "ئێمە چاوەرێی بەجینۆساید ناساندن و ھێنانەوەی ڕووفات و ئازادکردنی رزگارکراوان و گەرانەوەی ئاوارەکان بووین، ئێستا نەک ئەوە ناکرێت بگرە خەڵکی دیکەش ئاوارە دەبێت و پەکەکەش لە شنگال دەرناچێت و ڕێگا نادەن ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و ئێستاش کە شەڕ وەستاوە بەھۆی تاقیکردنەوەکانە و مەترسی ھەیە دوای تاقیکردنەوەکان دووبارە ئاڵۆزی دروست بێتەوە، بۆیە شنگال بۆتە شوێنی ململانێی سیاسی ناوخۆیی و ھەرێمی، کە پێویستە چیتر خەڵکی شنگال ئازار نەدرێت و کێشەکان چارەسەر بکرێن".
بڵند ئیبراھیم




