عارف روشدی: پارتی دەرگای گفتووگۆی بۆ لایەنەکان کردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی ھەر کێشەیەک

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان دەرگای دانوستانی بۆ ھەموو لایەک کردۆتەوە بۆ ئەوەی ھەر کێشەیەک ھەبێت لە ڕێگای دانوستان چارەسەر بکرێت و بە یەکگرتوویی و یەک بەرە بچینە بەغدا و دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەین، بەڵام بەربەستی بەردەم ڕێککەوتن ئێمە نین و شیعەکان لە ناوخۆیان تەبا نین، بۆیە ئەوان بگەنە ڕێککەوتن دەرگای چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێتەوە.
راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، عارف روشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆز و ناڕوونە تا ئێستا لایەنی شیعە لە نێوخۆیان ڕێکنەکەوتوون و کێشە لەسەر ئەوان وەستاوە و ھەرکاتێک ئەوان بگەنە ڕێککەوتنێک لەسەر سەرۆک وەزیران و کۆمەڵێک گرفتی دیکە سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ ئەوەی ھەنگاوی سیاسی باش بھاوێژرێت، بۆیە لەسەر کێشەکانی ئەوان ماون و ئەوان بگەنە ئەنجامێک دەرگای چارەسەرکردنی کێشەکان باشتر دەبێتەوە".
عارف روشدی گوتیشی: "ئێمە وەکو کورد نابینە بەربەست و ھاوکار دەبین، ھەرچەندە ئێمەش کێشەی خۆمان ھەیە، بەڵام بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەوان ئەوانەی ئێمەش چارەسەر دەبێت و پارتیش بێ دەنگ نیە و پێش چەند ڕۆژێک سەرکردەکانی رزگاری نیشتیمانی لەلای سەرۆک بارزانی بوون و ئەوەی لەسەری ڕێککەوتن ئێستا کاری جێبەجێکردنی دەکرێت و پارتی ھەمیشە کار بۆ ئاشتی و تەبایی دەکات".
روشدی باسی لەوەشکرد: "ئەگەر ئەوان ئامادەیی ڕێککەوتنیان ھەبێت سەرۆک بارزانی ھەمیشە دەستپێشخەری کردووە و دەیکاتیش و لە ئێستادا کورد و سووننە ئامادەن و تەنھا شیعە ماون بگەنە ڕێککەوتن".
ئەو راوێژکارەی مەکتەبی سیاسی پارتی وتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەی ھەیە پەیوەندی ھەموو لایەنەکانی ناوخۆی ھەرێم ئاسایی بکاتەوە لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش ئەوەش لەژێر چەتری سەرۆکی ھەرێم کۆببنەوە و ناکرێت دەرگاکان داخراوبن و ئەگەر کێشە و تێبینی ھەبێت پێویستە کۆبوونەوە بکرێت بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێت و ناکرێت ھەرکەسە و لە ماڵی خۆی بێت، بۆیە سەرۆکی ھەرێم سەرقاڵە و لە دوایین کۆبوونەوەی پارتیش دەرگای دانوستان بۆ ھەموو لایەنێک کرایەوە کە بتوانین لە سەر بنەمای نیشتیمانی و نەتەوەیی ڕێککەوین و یەکگرتووبین و وەکو یەک بەرە لە گەڵ لایەنە عێراقییەکان دانوستان بکەین".
لەھەمبەر بۆچوونی شاند بۆ بەغدا، روشدی گوتی: "ئەگەر لایەنە شیعەکان لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لە نێوانیان ھەبێت جارێکی دیکە کۆبوونەوەکان دەست پێدەکەنەوە و ئێمە ئامادەین بۆ گفتووگۆ و دانوستان".
بڵند ئیبراھیم




