بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای کرد

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی بەشدرایکردنی لە کۆنفرانسی بەرلین دەربارەی سیاسەتی ڕۆھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای کرد و لەگەل بەڕێز ئەندریاس فیدڵەر، سەرۆکی بەشی مەلەفی عێراق و باکووری ئەفریقا کۆ بووەوە.
لەو دیدارەدا باس لە دواین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەكانی ناوچەکە کرا و بەڕێز سیوەیلی باسی لە بەربەست و گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق کرد و جەختی لە گرنگیی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت و میلەت کردەوە کە دەبێت سیاسەتی سەربەخۆی هەبێت و دوور بێت لە دەستتێوەردانی دەرەکی و چوونە ژێر کاریگەریی سیاسەتی دەرەکی.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان پەیوەست بوون بە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی فیدراڵ و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و، کێشە و ململانێیە سیاسییەکانی ئێستای ناوچەکە و جێهانیش باسیان لێوە کرا و کاریگەرییان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێتیی ئەورووپا خرایە ڕوو،
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەڵمانیای کرد بۆ بەردەوامیی هاوکاری و مانەوەی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان و دووپاتی لە هەماهەنگیی زیاتر و هاوکاریی یەکدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان کرایەوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی سەقامگیری و بەرەوپێشچوون.
ئەندریاس فیدڵەر، بەرپرسی مەلەفی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە لە تێکشکاندنی گرووپە تیرۆریستییەکان و مەشقکردن بە هێزە سەربازییەکان.
بەڕێز فیدڵەر جەختی لە فراوانکردنی بواری وەبەرهێنان و بازرگانیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کردەوە و ڕایگەیاند: سەقامگیری و ئارامیی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆ یەکێتیی ئەورووپا گرنگە و ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی پێشان دا بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا.




