چاوەڕێی دەرکردنی فەرمانی بەقەزابوونی سیدەکان دەکرێت
__2022_05_15_h15m4s52__ER.jpg)
سیدەکان -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، کار بۆ بەقەزابوونی ناحیەی سیدەکان دەکرێت و ئێستا داواکارییەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و تەنھا ماوە ڕەزامەندی بدرێت و فەرمانی پێ دەربکرێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ھەژار حەکیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە بەردەوامیی گرنگیدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ناحیەی سیدەکان کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەو ناحیەیە ببێتە قەزا.''
ھەژار حەکیم گوتیشی: ''پشتگیری لە داواکاریی خەڵک دەکەین کە ناحیەی سیدەکان ببێتە قەزا، چونکە خەڵکەکە دەمێکە داوای بەقەزابوونی سیدەکان دەکەن، بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ خەڵکی ناوچەکە بکرێت و لێی سوودمەند بن.''
حەکیم ڕوونیشی کردەوە: ''پشتگیریی لەو داواکارییە کراوە و پێشنیاریش بۆ حکوومەت کراوە و چاوەڕێی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانین، چونکە خەڵک داوایان پێشکەش کردبوو و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیش پشتگیریی کردبوو کە سیدەکان ببێتە قەزا.''
بڵند ئیبراھیم




