سەرۆکی ھەرێم لەسەر ئەوە سوورە ناو ماڵی کورد ڕێکبخرێت و تەبایی دروست بێت

ھەولێر-KDP.info- راوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەریەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی یەکریزی و تەبایی لە ھەرێمی کوردستان دروست بێت، ھەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ھەمیش لەسەر ئاستی بەغدا، بەڵام پێویستە لایەنەکانیش ھاوکاربن بۆ ئەوەی ئەو یەکریزی و تەباییە دروست بێت، چونکە جیاوازیەکان ھەر چەندبێت دەتواندرێت بەدیالۆگ چارەسەر بکرێن.
راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، زیرەک کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەئێستا و ڕابردووش بەردەوام لەسەر خەت بووە بۆ ئەوەی تەبایی و یەکریزی و پێکەوەژیان بپارێزن و لەو ڕێگایەوە ھەنگاو بەرەو پێشەوە بھاوێژین و سەقامگیری لە کوردستان زیاتر بەرقەرار بێت، بۆیە ھەموو ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە بتوانن ھەموو لایەنە سیاسیەکان ھەم لەسەر ئاستی عێراق خاوەن گوتارێکی سیاسی ھاوبەش بن و بەیەک پاکێج و یەک بەرنامە و یەک گوتار لە بەغدا سیاسەت بکەن و لە ناوخۆش تەبایی بپارێزن".
زیرەک کەمال گوتیشی: "سەرۆکی ھەرێم لە ھەوڵەکانی بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە و نیەت و ئیرادەی سەرۆکی ھەرێم ئەوەیە بەیەکەوە بیر لە بەرژەوەندیەکانی کوردستان بکرێتەوە، بەڵام لایەنی بەرامبەر پێویستە ھاوکاری سەرۆکی ھەرێم بن و ئەوانیش ھاوکاری جدیبن بۆ ئەوەی ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیان سەرکەوێت".
کەمال باسی لەوەشکرد: "لە ئێستادا ھەوڵەکان بەردەوامن بەو ئاراستەی کە کەشێکی گونجاو برەخسێت بۆ ئەوەی لایەنەکان کۆبکرێنەوە و بەفەرمی داوەت بکرێن بۆ ئەوەی بتوانن ھەر گرفتێک ھەبێت چارەسەر بکرێت، بۆیە گرنگە ئێستا کەشێکی گونجاو برەخسێت و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی ناو ماڵی کورد ڕێکبخرێت و دیموکراسی پەرەی پێبدرێت و تەبایی دروست بێت و جیاوازیەکانیش ھەرچیبن دەکرێت لەسەر بنەمایەکی ئەقڵانی و دیموکراسی ئەو جیاوازیە بەدیالۆگ چارەسەر بکرێت و ئەوەش ئیشی بە بەغداشەوە ھەیە کە بتوانین بەرگری لە مافەکانی خۆمان بکەین".
ناوبراو گوتیشی: "ئەوەی گرنگە زەمینەیەکی باش برەخسێت و بێ زەمینە رەخساندن ناتواندرێت ھەنگاو بنرێت، گرنگ ئەوەیە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئیرادەیەکی بەھێزی ھەیە و بەپێی ھەلومەرج و دەرفەتی گونجاویش کاری لەسەر دەکات، بۆ ئەوەی یەکریزی و تەبایی فراوان بێتەوە و زیاتر لەسەر بنەمایەکی ھاوبەش کاربکرێت".
بڵند ئیبراھیم




