٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مه‌سرور بارزانى په‌یامێك بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە.

ده‌قی په‌یامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان:

بەبۆنەی شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و گشت مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. 

مامۆستایانی كوردستان لە سەردەم و قۆناخە جیاوازەکانی خەباتی گەلی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ ، ڕۆڵێکی دیار و پێشەنگیان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پێگەیاندنی نەوەی نوێ  و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەبووە، بۆیە بە ڕێز و پێزانینەوە یادی خەبات و تێکۆشان و ڕۆڵی گشت مامۆستایانی کوردستان لە گەیاندنی پەیامی پیرۆزی پەروەردە و فێرکردن دەکەینەوە. 

مامۆستایان دەتوانن لە ڕێگەی په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست و‌ پێشكه‌وتووەوە، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست بنیات بنێن‌، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ مرۆڤی نیشتمانپه‌روه‌ر و داهێنەر دروست بكات و بەشێک بێت لە پرۆسەی پێشخستن و گەشەپێدانی کوردستان.

سوپاسی مامۆستایانی کوردستان دەکەم كه‌ سه‌ره‌ڕای دۆخه ناله‌بار و سەختەکاندا، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكیاندا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت. هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری هەموو لایەک، بتوانێت خزمەتێکی زیاتر و شایستەتری مامۆستایانی کوردستان بکات. 

 

مەسرور بارزانی 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار