پارێزگاری دھۆک: گەرەنتی دەدەینە خوشک و برایانی مەسیحی، ڕێگە نادەین ھێرشیان بکرێتە سەر و پارێزراو دەبن

دھۆک -KDP.info- دوای ئەوەی ئەمڕۆ (١١/٥/٢٠٢٢) لە نێوان دوو کەسدا لە گوندی بادڕەشکێ لە سنووری دھۆک کێشە ڕووی دا، شاندێک سەردانی گوندەکەی کرد کە لە وەزیری گواستنەوە و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری دھۆک پێک ھاتبوو و سەردانی ناوچەکەیان کرد و پارێزگاری دھۆکیش جەختی کردەوە، کێشەکە بەو شێوەیە نییە کە باس دەکرێت و لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر دەکرێت و بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ھێرش بکرێتە سەر مەسیحییەکان و پارێزراو دەبن .
پارێزگاری دھۆک، دکتۆر عەلی تەتەر، لەبارەی ئەو کێشەیەی لە سنووری ناحیەی سەرسنگ لەسەر عەرد لە گوندی بادڕەشکێ لە نێوان دوو ھاووڵاتیی مەسیحی و موسڵماندا ڕووی دا، لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، ئانۆ جەوھەر و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ گەیشتنە سەرسنگ و پارێزگاری دھۆکیش ڕایگەیاند: ''دوای ئەوەی لەسەر زەوی شەڕ لە نێوان دوو ھاووڵاتی ڕووی دا، ڕێکاری یاساییی بەرامبەر ھەردووکیان گیراوەتە بەر و ئەو کێشەیە کۆنە و جارێکی دیکە دروست بووەتەوە و لیژنەیەک پێک ھێندراوە و پێشتریش سەردانی ناوچەکەی کردووە و کار دەکرێت لە ڕێگەی یاسایییەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و وەزیری گواستنەوەش لەسەر خەت بووە و کێشەکە ئەوەندە گەورە نییە کە باس دەکرێت و لە ھەموو ناوچەکان لە نێوان موسڵمانانیشدا کێشە هەیە.''
دکتۆر عەلی تەتەر گوتیشی: ''گەرەنتی دەدەمە خوشک و برایانی مەسیحی، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە ڕێگە نادەین ھێرشیان بکرێتە سەر و پارێزراو دەبن و ڕێزیان لێ دەگرن و بە سەربەزییەوە لە ھەرێم دەژین و ئەوەی ھەشە کێشەکە لەسەر زەوییە و ئێمە ھەندێک ھێزمان لەسەر داوای وەزیر نارد بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە بپارێزن و کێشە دروست نەبێت، بۆیە ئەوانە خۆشەویستیی ئێمەن و کەس ناتوانێت دەستدرێژییان بکاتە سەر.''
بڵند ئیبراھیم




