لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن

سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، لەڕێگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار و٥٠٠ ملیۆن دینار کۆمەڵێک پڕۆژە بۆ ناحیەی سیدەکان جێبەجێ دەکرێن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ھەژار حەکیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بێگومان سیدەکان ناوچەیەکی ستراتیژیی زۆر گرنگە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆیە حکوومەت لەم کابینەیەدا لەڕێگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە چەند پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سیدەکان جێبەجێ دەکات و لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕیار لەبارەی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک درا، ئەوانیش کۆنکریتکردن و قیرتاوکردنی ڕێگاکان و ڕووناککردنەوەی ناوشار و پڕۆژەی تەواوکردنی نەخۆشخانەی سیدەکان و پڕۆژەی قیرتاوکردن و دروستکردنەوەی گەلیی لێتان و شێخ زادان و دەشتی ھێرتێ و دۆڵی زەرتێ، ئەوە لە پلانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا بەرز کراوەتەوە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کە تێچووی ٥ ملیار و٤٠٠ ملیۆن دینارە .''
ھەژار حەکیم گوتیشی: ''دوو پڕۆژەی دیکەش ھەن کە بودجەیان بۆ سەرف کراوە، یەکێک تێکەڵرێژکردنی ڕێگای سەرەکیی سیدەکان و پردی زەنا کە ١٠ ملیۆن دینارە و دانانی بۆڕیی ئاوەڕۆ بۆ شۆستە لە جۆری بۆڕیی ئارامکۆ کە بودجەکەی ١٦٦ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینارە.''
بڵند ئیبراھیم




