بەھۆی نائارامیی ناوچەکانیانەوە تەنیا ٤٠%ی کریستیانەکان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان

بەھۆی نائارامیی ناوچەکانیانەوە تەنیا ٤٠%ی ئاوارە کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و نوێنەرێکی کریستیانەکانیش دەڵێ، ھیچ گەرەنتیەک بۆ پاراستنی کریستیانەکان و پێکھاتەکانی دیکەش نییە.
کلارا عودیشو، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای پرۆسەی دەرکردنی داعش لە مووسڵ، ئومێدێک ھەبوو کریستیانەکان بگەڕێنەوە و سەقامگیری بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە، بەڵام تا ئێستا ڕەوشی ئەمنی ئەو ناوچانە ھەر بە ئاڵۆزی ماوەتەوە، جگە لەوەی داعشی تێدا ماوە، گرووپەکانی دیکەی میلیشیاتیش مەترسییەکی دیکەن بۆ سەر دەشتی نەینەوا و ھەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دەدەن.''
ئەو نوێنەرەی کریستیان دەڵێت" بەھۆی ئاڵۆزیی دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی کریستیان ٥٠%ی ئاوارە کریستیانەکان لە عێراق چوونەتە دەرەوە و ١٠%ی ئاوارەکانیش ھێشتا لە ھەرێمی کوردستان ماون، واتە تەنیا ٤٠%ی کریستیانەکانی نەینەوا گەڕاونەتەوە سەر شوێنەکانیان، ئەویش بەھۆی پەیداکردنی سەرچاوەی ژیان ناچار بوون، بگەڕێنەوە.
کلارا عودیشو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕەوشی ئەو ناوچانەی کرستیانەکانی تێدایە، ئەوەندە مەترسیدارە کە جووتیارە کریستیانەکان ناتوانن کاری کشتوکاڵییش بکەن، چونکە ھیچ گەرەنتیەک نییە بۆ ئەوەی لە ناوچەی خۆیان بمێننەوە، ئەگەر لە ھەرێمی کوردستان بژێوی ژیانیان دەست کەوێت کریستیانەکان لە ترسی گیانی خۆیان دەگەڕێنەوە و ناتوانن لە شوێنی خۆیان بژین.''
قائید میرۆ




