"هاتنی ئاژەڵ لە عێراقەوە بۆ هەرێم ڕاگیراوە"
__2022_05_09_h16m56s55__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە دەوروبەری هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و کەسێکیش لە شاری کەرکووک پێی مردووە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێریش دەڵێت، خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان و پایتەختیش هیچ حاڵتێک تۆمار نەکراوە، تیمی ڕاهێنراوی تایبەت بە نەخۆشییەکەمان لە هەر نەخۆشخانەیەک ئامادەیە و لەڕێگای پزیشکانی ڤێتەرنەرییەوە ڕێنمایی دراوە بە سەربڕخانەکان و هاتنی ئاژڵێش لە عێراق و دەرەوی هەرێمی کوردستانەوە بە شێوەیەکی کاتی قەدەغە کراوە بۆ نەگواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
تای خوێنبەربوون، یەكێكە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان و بەشی زۆری لە ئاژەڵاندا دەردەكەوێت و بە ڕێی جیاوازدا دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، تا ئێستا لە ئاستی دنیادا چارەسەری بۆ ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە نەدۆزراوەتەوە. هەر پەیوەست بەم نەخۆشییە، دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “نەخۆشیی گوازراوەی تای خوێنبەربوون دوو سلک دەگرێتەوە بەگشتی، ڕێنماییەکانیان بڵاو بکەنەوە لەوانە بەشی ڤیتێرنەریی ئاژەڵ و تەندروستیی مرۆڤ، کە نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مڕۆڤ دەگوازرێتەوە، وەزارەتی تەندروستی هاتنی ئاژەڵی لە عێراق و ناوەڕاستی عێراقەوە قەدەغە کردووە و ناهێڵین بێتە کوردستان تا کاتێکی نادیار، بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە، هەروەها شوێنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردەوە و لە ڕێگای پزیشکی ڤێتەرنەرییەوە سەربڕخانەکان و گۆشتفرۆشەکان ئاگاردار کراونەتەوە کە نابێت هیچ گۆشتێکی سوور بخرێتە بازاڕەوە، تاوەکوو پشکنینی بۆ نەکرێت و مۆری سەربڕخانەی پێوە نەبێت، ئێمەش وەک تەندروستی سیمینارمان پێشکەش کردووە و ڕێنمایی تایبەت بە نەخۆشییەکە و شێوازی بڵاوبوونەوە و نیشانەکانی نەخۆشییەکانمان بڵاو کردووەتەوە بۆ هاووڵاتییان، پێویستە ئاگادار بن و پەیوەست بن بە پاکوخاوێنیی خۆراک و خواردنی گۆشتی ئاژەڵان.”
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر گوتیشی: “خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ حاڵەتێک لە هەرێمی کوردستان و پایتەختیش دیاری نەکراوە و بەردەوامیشین لە بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەکە، بەڵام لە کەرکووک و عێراق و ناوەڕاست و باشووری عێراق حاڵەتی زۆر تۆمار کراوەو نەخۆشیان هەبووە کە بە نەخۆشییەکە مردووە، بۆیە پێویستە ئێمەش ئاگادار بین و داوا لە هاونیشتمانیان دەکەین ئاگادار بن و ڕێنماییەکان لەبیر نەکەن، تاوەکوو پارێزراو بین، تەنانەت یەک حاڵەت زۆرە ئەگەر تووش بێت، چونکە ڤایرۆسی و گوزراوەیە، لە هەر نەخۆشخانەیەک تیمێکی تایبەت هەیە و ڕێنمایی تەواویان وەرگرتووە، چونکە زۆربەی ساڵان ئەم نەخۆشییە دروست دەبێتەوە و خەڵکیش پێی ئاشنایە و جیاوازی لە نیشنانەکانی نەخۆشییەکە نییە.”
هاوکات، یەکەم تووشبووی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای نەینەوا تۆمار کرا کە ئافرەتێکی تەمەن ٥٢ ساڵەیە و مەڕوماڵات بەخێو دەکات.
فایزە کۆیی




