پڕۆژە تەواو نەکراوەکانی ڕێگاوبان تەواو دەکرێن
__2022_05_09_h11m48s5__RM.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پلان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕێگاوبانی ھەولێر ڕایگەیاند، پلانێکی باش دانراوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگاوبان و چاوەرێی تەرخانکردنی پارە دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت و ئەو پڕۆژانەی تەواویش نەکراون ئەمساڵ تەواو بکرێن کە کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژین.
دلشاد عیمادەدین، بەڕێوەبەری پلان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕێگاوبانی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پلانێکی باشمان داناوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگاوبان لە سنووری پارێزگای ھەولێر و چاوەرێ دەکەین پارەمان بۆ دابین بکرێت و دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت، چونکە ڕەزامەندی لەسەر دراوە و چاوەرێی دابینکردنی پارە دەکەین".
دلشاد عیمادەدین گوتیشی: "چەندین پڕۆژەی گرنگ ھەن کە تەواو بکرێن ئەمساڵ، وەکو ڕێگای شەقڵاوە جووتسایدی کۆڕێ و قەندیل و ئەو تونێلەی لای شەقڵاوە ھەیە و ڕێگای ھەولێر بۆ کۆیە کە جووتسایدە و پێنچ قۆناغ ماوە تەواو بکرێت، ھەروەھا چۆمان بۆ حاجی ئۆمەران، کە ئەوانە پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگن و ئێمە ئەولەویەتمان بەو پڕۆژانە داوە، بۆیە لەبەرنامە ھەیە کە پڕۆژە تەواو نەکراوەکان ئەمساڵ تەواو بکرێن".
ناوبراو وتیشی: "ئێستا بەردەوام پڕۆژە ھەر ئەنجام دەدرێن و زیاتر پڕۆژەکانیش چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکانن"




