٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆشداری لەبارەی تای خوێنبەربوون بە هاووڵاتییان دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- پزیشكێكی پسپۆڕ باس لە نیشانەكانی پەتای تای خوێنبەربوون دەكات و دەڵێت، نەخۆشییەكی مەترسیدارە و پێویستە تەواوی سەڕبڕخانەكان و شوێنی مانەوەی ئاژەڵ لەژێر چاودێریی چڕی تەندروستیدا بن.

د. ئاراس هەورامی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی لەسەر تای خوێنبەربوون ڕایگەیاند: "تای خوێنبەربوون بەهۆی ڤایرۆسێكەوە دروست دەبێت سەرەتا لەناو ئاژەڵدا لە ئەفریقا دۆزرایەوە، لە ساڵی 2013 لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 50 حاڵەت تۆمار كرا، بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕووسیا و ئێران و توركیا و چەند وڵاتێكی تر، ئەم نەخۆشییە لە ئاژەڵەوە دەتوانێت بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

ئاراس هەورامی گوتیشی: "پەتاكە لەناو خوێنی ئاژەڵدا دروست دەبێت و لە سێ ڕێگەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، یەكەم لە ڕێگەی خوێن و پاشەڕۆ و دووەم لە ڕێگەی حەشەرەیەكەوە کە شێوەی وەك گەنە وایە، سێییەم لە ڕێگەی گۆشتەكەیەوە".

گوتیشی: "لە مرۆڤێكی توشبوو دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤێكی تر، لە ڕێگەی شلەمەنی و لەشی مرۆڤ و خوێن و لیك دەگوازرێتەوە، ئەو شوێنانەی ئاژەڵیان تێدا بەخێو دەكرێت، مەترسییان هەیە، ئەو كەسانەشی مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەكەن، وەکوو قەساب و سەربڕخانەكان و ئەو شوێنانەی ئەو حەشەرەیە لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤەكان زۆر دەبێت، مەترسیی پەتاکە هەیە.

دەڵێت: "پێویستە هیچ ئاژەڵێك لە دەرەوەی ڕێنماییەكانی تەندروستی سەرنەبڕدرێت، هەموو شوێنەكان لەژێر چاودێریی چڕی تەندروستی و ڤێتەرنەری بن، بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە".

''پێویستە ئەوانەی توشبوون لەژێر چاودێریی وردی پزیشكیدا دابندرێن، مەترسیی گواستنەوە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر كۆنترۆڵ بكرێت، نەخۆشییەکی مەترسیدارە لە 100 توشبوو لە نێوان 10 كەس بۆ 40 كەس ئەگەری مردنیان لەسەرە، ئەوەش ڕێژەیەكی بەرزە''. ئاراس هەورامی وای گوت.

زانیاریی لەسەر نیشانەكانی توشبوون دا و دەڵێت: "نیشانەكانی نەخۆشییەكە، تای بەرز، ئازاری سك، پشتئێشە، ڕشانەوە و سكچوون، زۆربەی نیشانەكانی تێكەڵاو بە نەخۆشییەكانی تری هەیە، بەتایبەت هەستیاربوون بە ڕووناكی بە شێوەی پەڵەی خوێنبەربوون لەسەر لەشی ئینسان دەردەكەوێت و ئاخر نیشانەی پەتاكەیە".

 

عەزیز ڕەسووڵ


 

هەواڵی پەیوەندیدار