زێباری له KDPیهوه باس له پتەوکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دهكات

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ھاوکاریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بڕیاری بەھێزکردنی ھێڵی بەرگری ھێزی پێشمەرگە لە ھەموو میحوەرەکان، ھێڵێکی بەرگری بەھێز لە ھەموو میحوەرەکان دروستکراوە و داعش ناتوانێت زیانیان پێببات، بۆیە ئەوەی داعش دەیکات زیاتر لە سنووری ھێزە عێراقیەکانە.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھێزی پێشمەرگە لەناوچە کوردستانیەکان ھێڵێکی بەرگری بەھێزیان دروستکردووە کە داعش ناتوانێت زیانیان پێبگەیەنێت، بەڵام داعش بوونی ھەیە و بەردەوامیش لە جموجۆڵدان و ئێستا سەدا ١٠٠ داعشەکان عێراقین کە پێشتر بیانی تێدابوون، بەڵام ئێستا داعش لەناو ھێزەکانی عێراقی زیاتر کردەوە ئەنجام دەدات، چونکە ھێزی پێشمەرگە ھێڵێکی بەرگری تۆکمەیان دروستکردووە کە وەکو ھێزی عێراقی نیە کە پەرتو بڵاون، بۆیە مەترسی زیاتر لەسەر ھێزی عێراقی ھەیە".
بابەکر زێباری گوتیشی: "دوای بڕیاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ھێڵی بەرگری ئێستا ھەموو ناوچەکانی سنووری پێشمەرگە کۆنترۆڵ کراون لە قەرەچوغ ھەر شوێنێک داعش ھەبێت کۆنترۆڵ کراوە، چونکە پێشتر بە ئاشکرا دەھاتن و ئێستا نەماون و شوێنەکانیان لەناوبراون، لەبەر ئەوەی ئێستا پێشمەرگە بەردەوام چاودێریان دەکەن، بۆیە ھێڵێکی بەرگری زۆر باش بە بڕیاری سەرۆکی ھەرێم دروستکراوە و بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت، چونکە سەرۆکی ھەرێم ھاوکاریەکی گەورەی ماددی بۆ پێشمەرگە کرد لە خانەقین تا دەگاتە مەخموور و میحوەرەکانی دیکە، ئەوەش سوودی زۆری ھەبوو و ھیچ مەترسی لەسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە نەھێشت".
زێباری باسی لەوەشکرد: "سنووری پێشمەرگە کێشەی نیە و کێشە لەناو ناوچەکانی ھێزی عێراقی ھەیە، بۆیە ئەوەش بەوە چارەسەر دەبێت لە عێراق حکوومەتێکی دادپەروەر ھەبێت و جیاوازی لە نێوان سووننە و شیعە و تورکمان و ئێزدی و ھەموو پێکھاتەکان نەکرێت".
بڵند ئیبراھیم




