٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیادبوونی ھەلی کار بۆ کرێکاری ناوخۆیی بەکردار ھەنگاوی بۆ نراوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ھەلی کار بۆ کرێکاری ناوخۆیی زیاد بکرێت، ئەمەش بەکردار ھەنگاوی بۆ نراوە و ھەر پڕۆژەیەک مۆڵەتی پێ بدرێت پێویستە زۆرینەی کرێکاری ناوخۆیی بن، گوتەبێژی سەندیکای کرێکارانیش دەڵێت، ئەو پلانەی حکوومەت وای کردووە ھەلی کار لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بێت.

دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کابینەیە گرنگی تایبەتی داوە به‌ زیادکردنی ھەلی کار و پلانیشی داناوە بۆ ئەوەی ھەلی کار بۆ کرێکاران زیاد بکات، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ڕێکاری گرتۆتەبەر، لەوانە وەکو ھەنگاوی یەکەم ھەر پڕۆژەیەک لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی پێبدرێت پێویستە سەدا ٧٥ی کرێکاری ناوخۆیی بن ئەگەرنا مۆڵەت بە پڕۆژەکەی نادرێت و جگە لەوەش ھێنانی کرێکاری بیانی مەرجەکانی زۆر قورس کراوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بە کرێکاری ناوخۆیی بدرێت".

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "ئەو کرێکارانەی بیانیش ھەن ئەوانەن کە لە پسپۆری جیاجیان و ھەوڵدەدەین لە ھەرێمی کوردستانیش ئەو جۆرە پسپۆریانەش ھەبن، بۆ ئەوەی لە پڕۆژەکاندا ١٠٠% کرێکارەکان ناوخۆیی بن".

لای خۆشیەوە حەسەن ڕەمەزان، گوتەبێژی سەندیکای کرێکاران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕاستە بەھۆی ئەو پلانەی حکوومەت دایناوە و ئەو ھەموو پڕۆژانەی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێن ھەلی کار لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە بەراورد بە ڕابردوو، چونکە ئێستا لە پڕۆژەکان کرێکاری ناوخۆیی کار دەکەن، بەڵام ھێشتا کرێکاری بیانیش ھەیە، بۆیە ئومێدەوارین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بە کرێکاری ناوخۆیی بدات و کرێکاری بیانی نەمینێت".

حەسەن ڕەمەزان گوتیشی: "پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چۆن بڕیاری داوە زۆرینەی کرێکار لە پڕۆژەکان ناوخۆیی بن و چاودێری بکات کە خاوەن پڕۆژەکان پابەندی ئەو بڕیارە بن، چونکە لەزۆر شوێن ئێمە سەردانی پڕۆژەکانمان کردووە کرێکاری بیانیشی لێیە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ئێستا ھەلی کار باشە و ھیوادارین زیاتریش بێت".

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار