٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: جه‌خت له‌ پشتگیریمان بۆ هه‌موو ماف و داوا‌ ره‌واكانى كرێكاران ده‌كه‌ینه‌وه‌‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی کرێکاراندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، کرێکاران هه‌میشه‌ رۆڵى به‌رچاویان له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانى وڵاتدا هه‌یه‌. جه‌ختیش له‌ پشتگیریی بۆ ماف و داوا‌ ره‌واكانى كرێكاران ده‌كاتەوە. دەشڵێت‌‌ "دامه‌زراوه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش له‌سه‌ریانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى یاساكاندا ره‌چاوى ژیان و گوزه‌رانى كرێكارانى كوردستان بكه‌ن." 

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 

په‌یامى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى بۆ‌ ڕۆژى جیهانیى كرێكاران

یه‌كى ئایار، ڕۆژى جیهانیى كرێكاران به‌ گه‌رمى له‌ ته‌واوى كرێكارانى كوردستان، سه‌ندیكا و رێكخراوه‌كانیان و له‌ كرێكارانى عیراق و جیهان به‌گشتى، پیرۆز ده‌كه‌م، ده‌ستى كار و كۆششیان ده‌گوشم، به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ ئه‌رك و ماندووبوون و ڕۆڵیان ده‌ڕوانم و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

كرێكاران وه‌ك توێژێكى گرنگ و كاریگه‌رى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان، وێڕای قوربانیدان و به‌شداریى كارایان له‌ خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تیدا، هه‌میشه‌ ڕۆڵى به‌رچاویان له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانى وڵاتدا هه‌یه‌. ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕى ڕێز له‌ مافه‌كانیان بگیرێت، ژیان و شكۆیان پارێزراو بێت، ڕێكخراو و سه‌ندیكاكانیان چالاك و ڕێكخراوتر بن بۆ ئه‌وه‌ى پارێزه‌رى باشترى ماف و شایسته‌كان و كاتژمێره‌كانى كاركردنیان بن و مسۆگه‌رى ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ كرێكاران له هه‌لومه‌رج و ژینگه‌ى دروستدا كار ده‌كه‌ن.

له‌م یاده‌دا جه‌خت له‌ پشتگیریمان بۆ هه‌موو ماف و داوا‌ ره‌واكانى كرێكاران ده‌كه‌ینه‌وه‌‌، دامه‌زراوه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش له‌سه‌ریانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى یاساكاندا ره‌چاوى ژیان و گوزه‌رانى كرێكارانى كوردستان بكه‌ن، هه‌وڵى باشتركردنیان بده‌ن و چاودرێریى خێزانى ئه‌و كرێكارانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ كاتى كاركردندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

 

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

1ى ئایارى 2022

هەواڵی پەیوەندیدار