پەرلەمان بۆ KDP: حکوومەتی ھەرێم ئامار و داتای نەوتی بە ئێمەدا

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بارەی داھاتی نەوت کۆبووینەوە و ئامار و داتایان بە ئێمە داوە کە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٣٦٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات و داھاتی مانگی ڕابرووی نەوت ملیاریک و ١١٨ ملیۆن دۆلار بووە.
گولیزار ڕەشید سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو لیژنەی سامانە سروشتیەکان لەگەڵ تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبووینەوە کە نوێنەری ھەموو لایەنەکانی تێدایە و ئامار و داتای نەوتی ھەرێمی کوردستانیان بە ئێمەدا، بۆ نموونە لە مانگی ئادار ھەرێمی کوردستان کە پێشتر ٤٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردە دەکرد، بەڵام ئێستا بۆ ٣٦٠ ھەزار بەرمیل نەوت کەمیکردووە، ئەمەش بەھۆی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیایە، ئەمەش وای کردووە نەتواندرێت ڕێژەی پێویست کە ٤٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا ھەناردە بکرێت".
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان نرخی یەک بەرمیل نەوتی بە ٩٩ دۆلار و ٩٧ سەنت فرۆشتووە، کۆی داھاتی مانگی ڕابردوو ملیارێک و ١١٨ملیۆن دۆلار بووە، سندی باسی لەوەشکرد، لەو داھاتەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ٥٧٧ ملیۆن دۆلار دراوە بە خەرجی کۆمپانیاکان و ٥٤١ ملیۆن دۆلاریش دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ خەرجی".
ناوبراو گوتیشی: "ئەو ئامارە تیمی حکوومەت بە ئێمەی داوە کە نوێنەری ھەموو لایەنەکانی تێدایە و ئەوەی باسی کەم و زیادی دەکات دەتوانێت لە نوێنەرانی خۆیان بپرسن، چونکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە".
بڵند ئیبراھیم




