حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ کردووە

زاخۆ -KDP.info- سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی زاخۆ گوتی، لەوەتەی زاخۆ بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی گرنگی لە بواری جیاجیادا جێبەجێ کردووە و بەردەوامیشە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ.
ئەندازیار ھێژا محەمەد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی زاخۆ بووە ئیدارەی سەربەخۆ چەندین پڕۆژەی گرنگ لە زاخۆ جێبەجێ کراون، لەوانە نۆژەنکردنەوەی ٣٢ قوتابخانە بە گوژمەی ٧٩٥ ملیۆن دینار و سێ قوتابخانەی تەواونەکراو تەواو دەکرێن کە بەھۆی قەیرانی دارایییەوە ڕاگیرابوون و لە کەرتی تەندروستییش کۆمەڵێک پڕۆژە بە گوژمەی ٢ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ کراون، وەکوو نۆژەنکردنەوەی بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەی فریاکەوتن و نەخۆشخانەی لەدایکبوون و نەخۆشخانەی گشتی و کڕینی پێداویستیی پزیشکی، بۆیە گرنگیی زۆر دراوە بەو کەرتەش.''
ئەندازیار ھێژا محەمەد گوتی: ''جگە لەوەش، پێنج بەنداو دروست کراوە و نۆژەنکردنەوەی چەندین بەڕێوەبەرایەتیی حکوومی و کڕینی کەلوپەل بۆیان جێبەجێ کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییان بکەن و چەندین بینای دیکەی حکوومیش دروست دەکرێن و کاری ڕێکخستنی چوارڕێیانی گوڵان دەکرێت بۆ ئەوەی قەڵەباڵغیی ترافیک کەم بێت کە دەستبەکار بوون.''
گوتیشی: ''ڕەزامەندی دراوە کۆمەڵێک پڕۆژەی جۆراوجۆر کە نوێن لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێن.''
بڵند ئیبراھیم




