بۆ پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون بە کەسوکاری شەھیدان لیژنەیەک پێک ھاتووە
__2022_04_27_h16m6s21__ER.jpg)
کەرکووک -KDP.info- بەرپرسی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان گوتی، بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان لە ناوچە کوردستانییەکان لیژنەیەک پێک ھاتووە و لیستی ناوی شەھیدانیشمان ڕادەستی ئەوان کردووە .
عەبدوڵرەحمان دەلۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھەرچی لە توانای ئێمە بێت بۆ کەسوکاری شەھیدان دەیکەین و تاوەکوو ئێستا یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدانی سنووری پارێزگای سەڵاحەدین و کەرکووک و دیالە دروست نەکراوە و سوودمەند نەبوونە و بەردەوامیش ھەوڵمان داوە و دواین جاریش سەردانی وەزارەتی شەھیدانمان کرد، ئەوانیش بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکیان دا بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو کارە، چونکە کەسوکاری شەھیدانی ئەو ناوچانە ھیچیان بۆ نەکراوە.''
عەبدولڕەحمان دەلۆ گوتیشی: ''لە سنووری کەرکووک ھەزار شەھید زیاترمان ھەیە و لە دووزخورماتوو ١٠٠ شەھید و لە خانەقین نزیکەی ٢٣٤ شەھید و لە کەلار نزیکەی ٤٠٠ شەھید ھەیە کە تەنھا چەند پارچەزەوییەکیان وەرگرتووە و بۆیان نەکراوە بە خانوو، بۆیە وەکوو پێویست ھیچیان بۆ نەکراوە.''
دەلۆ ڕوونیشی کردەوە: ''لیژنەکەش لە وەزارەت دروست کراوە و یەکەم ھەنگاویش ناوی شەھیدانمان پێشکەش کردوون، بەڵام ئەگەر جێبەجێ کرا نوێنەری لقەکان بانگ دەکەین بۆ ئەوەی ناوی ھیچ کەسێک بیر نەچێت و بێبەش بێت لە خانوو، بۆیە وەزارەتی شەھیدان ھاتووەتە سەر خەت و ئامادەیی دەربڕیوە کاری لەسەر بکات.''
بڵند ئیبراھیم




