زانیاری لەبارەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانەوە

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان ڕۆژی شەممە لیژنەی باڵای بینینی مانگ کۆ دەبێتەوە و ئەگەر مانگ بیندرا، ڕۆژی یەکشەممە دەبێتە جەژن و ئەگەر نەبیندرا ڕۆژی دووشەممە دەبێتە جەژن و ئێمە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژنیش تەنھا پشت بە خۆمان دەبەستین .
نەبەز ئیسماعیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ڕۆژی شەممە لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە ھەماھەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە پارێزگاکان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژن کۆ دەبێتەوە و ئەگەر مانگ بیندرا، ڕۆژی یەکشەممە دەبێتە جەژن و ئەگەر نەبیندرا مانگی ڕەمەزان سی ڕۆژ دەبێت و ڕۆژی دووشەممە دەبێتە جەژن.''
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''تا ئێستا دیار نییە ئەم مانگە سی ڕۆژ دەبێت، یان بیست و نۆ ڕۆژ، بۆیە ئەوەی دەگوترێت فڵانە ڕۆژ جەژنە ڕاست نییە، چونکە ئێمە پشت بە بەڵگە شەرعییەکان دەبەستین، نەک ئەوەی باسی لێوە دەکرێت، فەلەکناسییە یان شوێنی دیکە و ئێمە پشت بە خۆمان دەبەستین و لیژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیار دەدات''.
نەبەز ئیسماعیل ڕوونیشی کردەوە: ''ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ وەقفی سوننی عێراق هەیە و کۆبوونەوەی بەردەواممان لەگەڵ ئەوان ھەیە و پشت بە ھیچ وڵاتێک نابەستین و بڕیاری تایبەت بە خۆمان ھەیە و پشت بە خۆمان و بەڵگە شەرعییەکانی خۆمان دەبەستین بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژن.''
بڵند ئیبراھیم




