٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمساڵ قۆناغی یەکەمی ٦٠ مەتری سۆران جێبەجێ دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمساڵ پڕۆژەی ٦٠ مەتریی سۆران دەچێتە بواری جێبەجێکردن و دەشڵێت، پڕۆژەکە ستراتیژییە و کاریگەریی لەسەر پێگەی ئابووری و کەرتی وەبەرھێنانیش دەبێت.

ھەلگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پلان بۆ دروستکردنی شەقامی ٦٠ مەتریی سۆران ئامادە کراوە و یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بڕیارە ئەمساڵ قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن کە درێژییەکەی ٢٦ کیلۆمەترە و لەوانەیە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و درێژیی پڕۆژەکە زیاتریش بکرێت.''

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: "شەقامی ٦٠ مەتریی سۆران گرینگیی خۆی بۆ ئیدارەی سۆران بەگشتی و شاری سۆران دەبێت، چونکە سۆران پێگەیەکی بازرگانی ھەیە و ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئیران.''

ھەلگۆرد شێخ نەجیب ڕوونی کردەوە: ''پڕۆژەکە پێگەی سۆران بەھێز دەکات، چونکە بە دیزاین و ستانداردێکی پێشکەوتوو دروست دەکرێت و کاریگەریی لەسەر بازاڕ و کەرتی وەبەرھێنان دەبێت لە سۆران، ئەوە جگە لە کارئاسانیی ھاتوچۆ بۆ دانیشتووان و ڕێبوارانی سۆران.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار