عەلی دۆڵەمەری: ھەڵبژاردنەوەی ماکرۆن زۆر گرنگ بوو بۆ ھەرێمی کوردستان

فەرەنسا-KDP.info- ئیمانوێل ماکرۆن دووبارە ھەڵبژێردرایەوە بۆ سەرۆکی فەرەنسا، بۆ ئەمەش نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت، دەرچوونی ماکرۆن زۆر گرنگ بوو بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەرێمی کوردستان و فەرەنساش، چونکە شارەزایە لە سیاسەتی ناوچەکە و جیھان، ھەمیشە لەکاتە سەختەکان ھاریکاری کوردستان بووە و پشتی گرتووە، گەر ڕکابەرەکەی دەرچووبایە دەبووە ھۆی قەیرانی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی کۆمەڵایەتی بۆ فەرەنسا و دەرەوەی فەرەنساش.
دوێنێ ٢٤ی٤ـی٢٠٢٢ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا بوو، ھەر بۆیە کاریگەری سیاسەتی نوێی فەرەنسا و ھەڵبژاردنەوەی ئیمانوێل ماکرۆن لە گۆشە نیگایەکەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و خوێندنەوەیەک بۆ ھەڵوێست و سیاسەتەکانی ئەم سەرۆکەی فەرەنسا، سەبارەت بەمە نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، عەلی دۆڵەمەری، بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دووبارە ھەڵبژاردنەوەی سەرۆک ماکرۆن وەک سەرۆکی فەرەنسا زۆر گرنگ بوو بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەرێمی کوردستان بە تایبەت، چونکە شارەزاییەکی زۆری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ناوچەکە ھەیە، چەندین جار پێشوازی لە شاندی ھەرێمی کوردستان کردووە لە کۆشکی ئیلیزابیس و خۆشی سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد لە کۆتایی مانگی ٨ی ساڵی ڕابردوودا، ھاوکات پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، جگە لەوە دەرچوونەوەی سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بۆ فەرەنسا و جیھان زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی، چونکە فەرەنسا خاوەنی چەکی ئەتۆمییە".
لە پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ سەرۆک ماکرۆن ڕایگەیاندووە، "چاومان لە بەردەوامبوونی کارکردن لە نزیک و کاری پێکەوەییە لەگەڵیدا، لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان و چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ ئاشتی لە ناوچەکە و سەقامگیری."
لە ھەمبەر ئەم پەیامە، دۆڵەمەری، دەڵێت: "ھەمیشە لە کاتە سەختەکان یارمەتی ھەرێمی کوردستانی داوە و پشتگیری لە کوردستان کردووە، ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام کاری بۆ ئەوەکردووە تا پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان بەرەو پێش ببات تا بگاتە قۆناغێکی باشتر و لە ڕووی ئابوورییەوە بتوانێت کۆمپانیای فەرەنسی بھێنێتە ھەرێمی کوردستان و وەبەرھێنان بکەن، ھەروەھا لە بوارەکانی زانستی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیری بەتایبەت کورد سوود لە زانکۆکانی فەرەنسا وەربگرێت و ھانی خەڵکی فەرەنسا و ڕۆژنامەنووسەکان بدەن و بێن بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ھەرێمی کوردستان ببینن و بزانن کە کوردستان توانیویەتی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بھێنێت لە ڕووی ئاسایش و وەبەرھێنانەوە، ھەروەھا زیاتر پەیوەندییەکان بەھێزبکەین بۆ ھاوکاریکردنی فەرەنسا بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە چونکە ھێشتا داعش ھەڕەشەیە و کۆتایی نەھاتووە ئەمانە زۆر گرنگن لە داھاتوو لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن کاری لە بارەوە بکەین و ئاسایش بۆ ناوچەکە و عێراق بگەڕێتەوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەقامگیری و ئاسایشی ئەوروپاوە ھەیە".
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، گوتیشی: "ھەڵبژاردنەوەی ماکرۆن بۆ یەکێتی ئەوروپاش گرنگە چونکە تەنیا ناتوانی ڕکابەری لەگەڵ ئەمریکا، چین، ڕووسیا و بەڕازیل بکات، چونکە ئەمانە زلھێزن لە گۆرەپانی نێودەوڵەتیدا، لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپا بەھاوبەشی لەگەڵ ئەڵمانیا دەتوانن سیاسەتێکی نوێ بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەرێمی کوردستان دیاریبکەن، لەبەر ئەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەیە، ئەمەش وادەکات خۆیان چارەسەری قەیرانەکان بکەن لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و خەریکی چارەسەرکردنی قەیرانی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینان کە ڕەنگی داوەتەوە لەسەر ژیانی ھەموو تاکێکی جیھان بۆ ئەم بابەتانە دەرچوونەوەی ماکرۆن گرنگ بوو، چونکە دەرچوونی ڕکابەرەکەی دەبووە ھۆی قەیرانێکی قوڵ بۆ فەرەنسا و جیھان، بەتایبەت لە ڕووی قەیرانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسی لە ناوخۆ و دەرەوەی فەرەنسا".
ھاوکات بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ماکرۆن بەسەر ڕکابەرەکەی مارین لۆپێنی، سەرکەوتووە و جارێکیتر بۆوە سەرۆکی فەرەنسا و نزیکەی سەدا ٥٨ی دەنگەکانی بە دەست ھێناوە.
فایزە کۆیی




