٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەوەتەی سۆران بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ دەیان پڕۆژەی بۆ جێبەجێ کراوە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕاگەیانن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، لەوەتەی سۆران بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری پڕۆژەی بۆ جێبەجێ کردووە و چەندین پڕۆژەش پێشنیار کراون بۆ ئەمساڵ و چاوەڕێ دەکەین فەرمانی گەڕانەوەیان دەربچێت و ئەوانیش بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

ھەژار حەکیم، بەرپرسی بەشی ڕاگەیانن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کودستان گوتی: ''لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٥ پڕۆژەی جۆراوجۆر پێشنیار کراون و چاوەڕێی گەڕانەوەی فەرمانی جێبەجێکردنیانین، کە لە ھەموو سێکتەرەکاندا خۆی دەبینێتەوە، لەوانە ئاو و ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و کارەبا و پەروەردە و تەندروستی و لە قەزاکانی چۆمان و ڕواندز و مێرگەسۆر و ناو قەزای سۆران.''

ھەژار حەکیم گوتیشی: ''ھەندێک پڕۆژەی تەواوکارییش ھەن کە ھی ساڵی ڕابردوون، کە ھەندێکیان تەواو کراون و ھەندێکیان ماون کە ٣٠ پڕۆژەن و جگە لەوەش، کاری نۆژەنکردنەوە زۆر کراوە، بەتایبەت قوتابخانەکان و  قیرتاوکردن وکەرتی تەندروستی و کەرتی کارەبا و نۆژەنکردنەوەی پیشەسازیی کۆن و ھاتوچۆ و ئەمانەش بودجەیان بۆ تەرخان کراوە و جێبەجێ کراون.''

حەکیم ڕوونیشی کردەوە: ''ئێستا پڕۆژەی دەروازە تا دەگاتە سەنتەر و دوێنێ لەسەر شەقامی ٦٠ مەتریی سۆران ڕێککەوتن کراوە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن کە سیمایەکی جوان دەداتە سۆران.''

گوتیشی: ''بەنیسبەت کردنەوەی بەڕێوبەرایەتییە گشتیەکان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ھەندێک پێشنیار کراون وەکوو تەندروستی و گەشتوگوزار و پەروەردە، ئەوانە کاریان لەسەر دەکرێت و ئەوانەی دیکەش لە دیراسەکردندایە، ئەمەش دەبێتە کارئاسانیی باش بۆ ھاووڵاتییان بۆ ئەوەی چیتر بۆ کاری ڕۆژانە نەچنە ھەولێر و لە سۆران بۆیان جێبەجێ بکرێت.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار