وەزارەتی کارەبا بۆ KDP: ئامادەکاریەکانمان بۆ وەرزی ھاوین دەستی پێکردووە

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەری کارەبای ھەولێر بە وەکالەت ڕایگەیاند، ئامادەکاریەکان بۆ پێدانی کارەبا لە وەرزی ھاوین دەستی پێکردووە، لە ڕێگەی چاککردنەوە و سیانەکردنی ھێڵەکانی کارەبا و وێستگەکان، بۆ ئەوەی بتوانن لە وەرزی ھاوین زۆرترین کاتژمێری کارەبا بە ھاووڵاتیان بدەن، کە ئێستا ڕۆژانە بە گشتی ١٧ کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتیان دەدرێت.
ڕاوێژکاری وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەری کارەبای ھەولێر، حوسێن حەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێستا ئێمە بۆ ئامادەکاری وەرزی ھاوین بۆ پێدانی کارەبا لە دوو ڕوو کار دەکەین، یەکەم کارکردن لە ھێڵەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا، دووەم دابەشکردنی تۆرەکانی کارەبایە و تیمەکانمان سەرقاڵی چاککردنەوەی ھێڵەکان و وێستگەکان و سیانەکردنی و بەپێی بەرھەمی ئەوکاتی کە بەردەست دەبێت خشتەی کارەبا بۆ وەرزی ھاوین دادەنێین و کارەبا بەسەر ھاووڵاتیان دابەشدەکرێت".
حوسێن حەمەد گوتیشی: "دوو فاکتەر ھەن بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا لە وەرزی ھاوین باشتر بێت، ئەوانیش بەرھەمی کارەبا کە دابین دەکرێت کە چەندە و فاکتەری دووەم کە خواست چەندە بۆ کارەبا، چونکە پلەی گەرما کاریگەری ھەیە لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا، بۆیە ئەگەر پلەکانی گەرما کەمبێت کاتژمێری کارەباش زیاتر دەبێت، بەڵام ھەوڵدەدەین زۆرترین کارەبا بدرێت بە ھاووڵاتیان".
حەمەد ڕوونیشی کردەوە: "ئێستا بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژانە ١٧ کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتیان دەدرێت و تەنھا لەو شوێنانە نەبێت کە بارگرانی زۆرە لەسەر کارەبا".
بڵند ئیبراھیم




