٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاکەیی: چاک دەزانین پارە ھەیە.. مەعقول نییە بە خانەنشینان بڵێن پارە نییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جگە لە ۲٠٠ ملیارەکەی بەغدا، پارەی مووچەخۆرانی ھەرێم لە داھاتی نەوتی و نانەوتی دابین دەکرێت، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەڵێ، پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی ڕەوانەکراوە.

لیزا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە تێکڕا بۆ مانگێک ٦٤ ملیۆن دۆلار لە داھاتی ناوخۆی پارێزگای ھەولێر و ۳۲ ملیۆن دۆلار لە داھاتی ناوخۆی پارێزگای دھۆک بۆ تەکمیلەکردنی پارەی مووچەی ھەردوو پارێزگا دابین دەکرێت، ئەم سیستەمە لە ھەردوو پارێزگا گرفتی کورتھێنانی لە پارەی مووچە چارەسەرکردووە و پڕۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت، لە پارێزگای سلێمانی بۆ مووچەی مانگێک پێویستی بە ۲٤۱ ملیۆن دۆلارە، بۆ ئەم مانگە ۱۹۳ ملیۆن دۆلار لە داھاتی نەوت بۆ مووچەخۆرانی پارێزگاکە ڕەوان کراوە".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئەو بڕەی کە دەمێنێتەوە ٤۸ ملیۆن دۆلارە کە دەبێت بە داھاتی ناوخۆی پارێزگاکە تەکمیلە بکرێت، داھاتی ناوخۆی سلێمانی بە تێکڕا بۆ مانگێک ۱٠٥ ملیۆن دۆلارە و دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی مووچەی مانگێکی پێ تەکمیلە بکرێت و ٥۷ ملیۆن دۆلاریش بۆ بابەتی خەرجییەکانی تر و خزمەتگوزاری پارێزگاکە دەمێنێتەوە".

کاکەیی دەڵێت: "ھیچ مەعقول نییە بانکەکانی پارێزگاکە بە مووچەخۆران و خانەنشینان بڵێن پارە نییە! چاک دەزانین کە پارە ھەیە بەڵام ئەوەی کە نییە ویژدانە، ئەوەی کە نییە ڕێزە لە سەری سپی و خزمەت و ماندوویەتی ئەو خەڵکە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار