ئومێد خۆشناو: ئەمساڵیش لە هەولێردا وشكەساڵی دەبێت

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەپێی ئەو ئەزموونەی لە ساڵانی پێشتردا هەیانە، ئەمساڵیش لە هەولێردا وشكەساڵی دەبێت و ساڵێكی سەخت دەبێت.
بەهۆی وشكەساڵی و كەمی باران، ماوەی دوو ساڵە كێشەی كەمئاوی لە هەولێردا هەیە. پارێزگاری هەولێریش رایدەگەیەنێت، ئەمساڵیش هەمان كێشە دووبارە دەبێتەوە.
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ هیچ هێمایەكی باش نابینین و بەپێی هەڵسەنگاندنەكان و بە ئەزموونی ساڵانی رابردوو و تێگەیشتنی زانستی، ئەمساڵیش لە هەولێردا وشكەساڵی دەبێت و ساڵێكی سەخت دەبێت.
زیاتر گوتی، ئامادەكاریمان كردووە و رەزامەندیی سەرۆك وەزیران وەرگیراوە بۆ خەرجكردنی حەوت ملیار دینار بۆ لێدانی ژمارەیەك بیری تر، گوژمەی تریشمان بۆ تەرخان دەكرێت بۆ گرفتی تەكنیكی بیرەكان و بڕیاری راستەوخۆ دەدرێت لەوبارەیەوە.
باسی لەوەش كرد، ئەوەی ئێستا ڕێكارە بۆ دەربازبوون لەمساڵ و بۆ ساڵانی داهاتوو، پلانی درێژخایەن هەیە وەك دروستكردنی بەنداو بۆ چارەسەری كەمئاوی.
ئێستا لە سنووری هەولێردا دەست كراوە بە لێدانی 138 بیری ئاو بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی، سەرجەم فەرمانگەكانی ئاو بەخێرایی سەرقاڵی ئامادەكاری و كاركردنن.
ڕامان وریا




