پەیامی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی(١٢٤)ەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی

ئەمڕۆ یادی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردیمانە بە ناوی(کوردستان) لە(٢٢ـی نیسانی ١٨٩٨) کە لەسەردەستی(میقداد مەدحەت بەدرخان) لە قاهیرە لە قۆناغێکی گرنگی مێژووی دەرچوو، بۆیە ئەو رۆژە یەکێکە لە رۆژە گرنگ و پڕشنگدارەکانی نێو کولتوور و رۆشنبیری گەل و نەتەوەکەمان.
رۆژنامەی(کوردستان) رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە بووژانەوەی هەست و نەست و هۆشیاریی نەتەوەیی و رەخساندنی زەوینەی پەرەسەندنی هزر و هۆش و بیروباوەڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
ئەو رۆژنامەیە ئەوکاتە کە لە دەرەوەی کوردستان دەرچوو، لە چەند روویەکەوە نیشانە و واتای خۆی هەبوو و سەرجەم ئاستەکانی ژیانی گرتەوە بۆ بەرجەستەکردنی ویستی گەلی کورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازی و پشتیوانیکردنی خەباتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی.
رۆژنامەی(کوردستان)سەکۆیەکی نوێ و ئازاد بوو بۆ دەنگە دلێر و نیشتیمانپەروەرەکان بۆ خزمەتکردنی کێشەی کورد و دۆزە رەواکەی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی و خستنەڕووی خواست و ویستەکانی وەک نەتەوەیەکی ستەملێکراو.
رۆژنامەگەریی کوردی بە درێژایی تەمەنی لە هەر سەردەمێک و قۆناغێکدا رۆڵی کاریگەری خۆی بینیوە بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و کولتووری رەسەن و دێرینمان بۆیە هەمیشە خاوەن پەیامێکی روون و هەقیانەت بووە وەک داکۆکیکارێک لە سەنگەری قەڵەم دژ بە چەوسانەوە و سەرکوتکردن.
لەو قۆناغەی ئەمڕۆشمان لە هەرێمی کوردستان، بە پێی رێسا و یاسای کاری رۆژنامەوانی پانتاییەکی بەرفراوانی ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین فەراهەم و رێکخراوە لە رووی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە و هەموو بوارەکانی کاری راگەیاندن و میدیایی لە رۆژنامە و کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و رادیۆ و کەناڵ و دەزگا و مێدیا ئەلکترۆنییەکان.
ئەو بەربڵاوی و ئاستە پێشکەوتووە و فرە رەنگیەی میدیا لە هەموو روویەکەوە لە هەرێمی کوردستاندا نیشانەی خەمخۆری و دڵسۆزی حکومەت و لایەنە بەرپرس و پەیوەستدارەکانە بۆ زیاتر رەخساندنی کەش و بوارێکی شیاو و گونجاو بۆ رۆژنامەوانان بە تایبەتی و چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە بەگشتی تا بە هەموو لایەک خزمەت بە کۆمەڵگە و پرس و کێشەکانمان بکەین.
لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە وێرای پشتیوانی تەواومان بۆ ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەریی، جەخت لەسەر رۆڵ و کار و ئەرکی رۆژنامەگەریی و دامودەزگا میدیاکان دەکەینەوە، کە بەرپرسانە و پیشەوەرانە کاری رۆژانەی خۆیان ئەنجام بدەن و رەچاوی بەرژەوەندییە باڵاکان و پرسە چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، هەروەها برەو بە دیاردە و نەریتە رەسەن و ئەرێنییە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بدەن بۆ پتەوکردن و بەهێزکردنی بیر و باوەڕ و هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و هاوبەندی کۆمەڵایەتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە نێو پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستان.
لە بیرەوەری(١٢٤)ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی و دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بە ناوی (کوردستان) پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەنووسان لە کوردستان و لە دەرەوەی کوردستان دەکەین..
لەو یادە پیرۆزەدا، سڵاو لە بەدرخانییەکان و سەرجەم ئەو ماندوونەناس و تێکۆشەرانەی خزمەتی رۆژنامەگەری کوردیان کرد و بەو رۆژەیان گەیاند...
هەر بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی و دەرچوونی رۆژنامەی(کوردستان)..
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٢ـی نیسانی ٢٠٢٢




