حاکم ئازاد: یاسای ڕۆژنامەگەری کوردی لەگەڵ سەردەم دهگونجێنین

ھەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەکردنی رەشنووسی ھەمواری یاسای ڕۆژنامەگەری کوردی لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئەمجارە بە جۆرێک ئامادە دەکرێت لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت و میدیای ئەلیکترۆنیشی بۆ زیاد دەکرێت، کە لە یاسای کۆن باسی میدیای ئەلیکترۆنی ناکرێت.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، حاکم ئازاد حەمەدەمین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "یاسای ڕۆژنامەگەری کوردستان ھەموار دەکرێتەوە و ئێستا کار بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی ھەموارەکە دەکەین و کاری باشمان لەسەر کردووە و ئێستاش بەردەوامین لەسەری، ھەروەھا دیدارێک لەبارەی میدیای ئەلیکترۆنی و سۆشیال میدیا دەکرێت لە شاری ھەولێر و قسەی لەسەر دەکرێت و رەشنووسەکە ئامادەکراوە لەلایەن سەندیکا لە ڕۆژانی داھاتوو لە سلێمانی و دھۆک و ھەولێر لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆران گفتووگۆی لەسەر دەکەین و لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان دادەنیشین بۆ ئەوەی لە داھاتوو کاری باشتری لەسەر بکەین".
حاکم ئازاد حەمەدەمین گوتیشی: "سۆشیال میدیا، میدیای پیشەیی نیە، ئەوە پەیوەندی بە ھاووڵاتی ھەیە، ئەوەی پەیوەندی ھەیە میدیای ئەلیکترۆنییە کە لە ھەمواری یاساکە زیاد دەکرێت، چونکە میدیای بیستراو بیندراوی ئەلیکترۆنی ھەیە، بۆیە ھەوڵدەدەین یاساکە بە جۆرێک بێت لە بەرژەوەندی ڕۆژنامەنوسان بێت و بنەماکانی کاری ئازادی ڕۆژنامەنوسی وەکو خۆی بمێنێتەوە و پارێزراو بێت، بەڵام ئەم جارە کارەکان فراوانتر دەبێت".
حەمەدەمین ڕوونیشی کردەوە: "رەشنووسەکە ئامادەیە و تەنھا ماوە ڕای شارەزا و پسپۆران وەرگرین، چونکە گۆرانکاری بەسەردا دێت و لە ٢٠٠٧ەوە دەرچووە ئێستا ٢٠٢٢، بۆیە یەکێک لە گۆرانکاریەکان ئەوەیە ئەمجارە یاساکە بیستراو و بیندراو و ئەلیکترۆنی بگرێتەوە، کە پێشتر ئەلیکترۆنی نەدەگرتەوە، کە ئێستا میدیای ئەلیکترۆنی گرینگی زۆری ھەیە".
بڵند ئیبراھیم




