٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی دەست به‌ ھەنگاوی کرداری ھێڵی ئاسنینی ھەرێمی کوردستان ده‌كرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی بۆ دیراسەکردنی دروستکردنی ھێڵی ئاسنین، ھەفتەی داھاتوو کۆمپانیاکە دەستبەکار دەبێت و لە ماوەی ٩ مانگ دیراسەکە تەواو دەکات و دواتر دەست بە ھەنگاوی کرداری دەکرێت.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانی بۆ ئەوەی دیراسەتی دروستکردنی ھێڵی ئاسنین بکات، سبەی ئەو کۆمپانیایە دێتە وەزارەت و کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین، بۆ ئەوەی دەست بەدیراسەکردن بکات".

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "دوای کۆبوونەوەکە بەرنامەیەک دادەنرێت و ھەفتەی داھاتوو دیراسەی دروستکردنی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکەن و لە ماوەی ٩ مانگ دیراسەکە تەواو دەبێت، کە کاری ئەوان دیراسەیەکی وردی پڕۆژەکە دەکەن لە ھەموو روویکەوە، ھەروەھا بەھای ئابووری پڕۆژەکە و قازانجی و کاریگەری لەسەر ژینگە و چۆنیەتی دروستکردنی و کە بە چۆن شێوازێک دروست بکرێت و لە کوێ دەستپێبکرێت و بۆ کوێ بڕوات و چ شوێنێک بۆ دروستکردنی گونجاوە، ھەمووی بۆمان ڕوون دەکەنەوە، دواتر دەست بە ھەنگاوی کرداری دەکرێت".

دروستکردنی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی کوردستان درێژیەکەی ٩١٢ کم دەبێت و دوو ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار دۆلاری تێچوو دەبێت و لە زاخۆ تا سلێمانی و گەرمیان دەبێت و لقی لێدەبێتەوە بۆ ھەڵەبجە و ڕانیە و حاجی ئۆمەران و بەرواری باڵا و شوێنەکانی دیکە، کە پڕۆژەکە بەسێ قۆناغ تەواو دەکرێت.

 

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار