وەزیر: دەسەڵاتی 100% دراوەتە بەڕێوەبەراتییە گشتییەكانی تەندروستی

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بودجەی تەواو بۆ كڕینی دەرمان تەرخان كراوە، بۆ نەهێشتنی رۆتینیش، دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی و ژمێریاری و یاسایی 100%، دراوەتە بەڕێوەبەراتییە گشتییەكانی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.
ئەمڕۆ سێشەممه، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كەمیی دەرمان هیچ پێوەندیی بە حكوومەتەوە نییە، چونكە بودجەی تەواوی بۆ تەرخان كردووە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی وەزارەتی دارایی، بودجەی بۆ تەندروستی تەرخان كردووە كە چەند جۆرێكی هەیە.
زیاتر گوتی، ئێستا هەریەك لە نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە و دڵ و پسپۆڕییەكان، بودجەی تایبەت بەخۆیان هەیە، جگە لە بودجەی سووتەمەنی و بودجەی فەرمانگەكە، هەروەها سەرەتای ساڵ سەرجەم بودجەكان لەلایەن حكوومەتەوە رەزامەندی لەسەر دراوە و نوێ كراونەتەوە.
باسی لەوەش كرد، بە ئامانجی نەهێشتنی رۆتین لە كڕینی دەرمان و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی، دەسەڵاتی تەواوی كارگێڕی و دارایی و ژمێریاری و یاسایی، 100% دراوەتە بەڕێوەبەراتییە گشتییەكانی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.
وەزیری تەندروستی روونی كردەوە، ئێستا هەموو ئەو مامەڵانە بە تەندەر لە رێی گرێبەستەوە دەكرێن، بەمەبەستی نەهێشتنی رۆتین، هیچ مامەڵەیەكیان ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی، بەڵكو هەموویان راستەوخۆ لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان رایی دەكرێن.
ڕامان وریا




