بوخاری عەبدوڵڵا: پرۆسەی سیاسیی عێراق نەگەیشتووەتە بنبەست و چارەسەر ھەیە

هەولێر -KDP.info- بە گوتەی چاودێرێکی سیاسی، ھێشتا پرۆسەی سیاسیی عێراق نەگەیشتووەتە بنبەست و دەشڵێت، ھەوڵەکان زۆرن بۆ دەربازبوونی عێراق لەو قەیرانەی ھەیە و گەشبینم بەوەی لایەنەکان دوو جار دەگەنە ڕێککەوتن.
بوخاری عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە پێکھێنانی حکوومەت دوا کەوتووە، بەڵام ھێشتا پرۆسەی سیاسی نەگەیشتووەتە بنبەست و خەڵکی نیشتمانپەروەر ماوە لە عێراق بۆ ئەوەی ڕێگەچارە بدۆزێتەوە بۆ دەرچوونی عێراق لەو ئەزمەیەی ھەیە، چونکە ئەگەر پرۆسەی سیاسی گەیشتە ئاستێک ڕێگەچارە نەمێنێت، ئەوە ئەگەری شەڕ و ماڵوێرانی ھەیە، بەڵام من گەشبینیم بەوەی ھەرچەندە دوا بکەوێت چارەسەر ھەر دەبێت بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە ئەنجامێک و حکوومەتی نوێ پێک دێت.''
لەبارەی دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنەوە بوخاری عەبدوڵڵا دەڵێت: "دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن مەترسی بۆ سەر عێراق زیاتر دەکات، چونکە عێراق بەرگەی ھیچ ھەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە ناگرێت و لە بنەڕەتدا پێم وایە ھەڵبژاردنی دووبارە پێویست ناکات لە عێراق، ئەگەریش گەیشتە ئەو ئاستە ئەوە من بە مەترسیی زۆر گەورەی دەبینم و پێشبینیی ڕووداوی مەترسیدار دەکەم.''
قائید میرۆ




