مەسیحیەکان لە کوردستان بە ئارامی و لە عێراق لەژێر ھەڕەشە ژیان گوزەر دەکەن

ھەولێر-KDP.info- بەرێوەبەری کاروباری مەسیحی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، مەسیحیەکان لە ھەرێمی کوردستان زۆر بە ئارامی دەژین و شوێنی پێکەوەژیانە، بەڵام لە عێراق بەردەوام ھەڕەشەیان لەسەرە و لەژێر ھەڕەشە ژیان گوزەر دەکەن.
خالید ئەلبێرت، بەرێوەبەری کاروباری مەسیحی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانە بۆ ھەموو پێکھاتەکان بێ جیاوازی، مەسیحیەکان لە ھەرێمی کوردستان لە ئارامیەکی تەواو دەژین و ھەموو مافەکانیان پێ دراوە و ھیچ کێشەیەکیان نیە و بەھی خۆیان دەزانن، بەڵام لە عێراق پێچەوانەیە و دوای ڕووخانی ڕژێم تا ئێستا بەردەوام تەعدایان لێ دەکرێت".
خالید ئەلبێرت گوتیشی، مەسیحیەکان لە عێراق بەتایبەت لە بەغدا بەردەوام ھەڕەشەیان لێ دەکرێت و تەنانەت ئەوانەی بۆخۆیان کارێکیش بکەن ھەڕەشەیان لێ دەکرێت و ئارام نین و لە مەترسیدان و لە دۆخێکی خراپ ژیان گوزەر دەکەن".
ئەلبێرت باسی لەوەکرد: "بەھۆی ئەو دۆخە خراپەی لە عێراق ھەیە مەسیحیەکان لە ملیۆنێک و ھەشت ھەزار تەنھا نیو ملیۆنی ماوە ئەوانەی دیکە کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە، ئەوانەی ماویشن بەشی ھەرەزۆری لە ھەرێمی کوردستان دەژین".
بڵند ئیبراھیم




