جوان ڕۆژبەیانی: رێخۆشکردن ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی داعش

ھەولێر-KDP.info- لە بارەی دەستپێکردنەوەی جووڵەی تیرۆرستانی داعش لە ناوچە کوردستانیەکان، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکان لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، رێخۆشکردن ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی چەکدارانی داعش و دەشڵێ، لەگەڵ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بە میکانیزمی نوێ کار بۆ ئاسایی کردنەوەی ئەو ناوچانە دەکەین.
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا داعش دەستی بە جووڵە کردۆتەوە و رێخۆشکەرێک ھەبووە بۆ بەردەوامی ھێرشەکانی چەکدارانی داعش، چونکە بە ھۆکاری سیاسی و بۆشایی ئەمنی پڕنەکراونەتەوە، ئەوە سەرەڕای ھەوڵێکی زۆر بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکان، ھۆکارێکی دیکەی زیادبوونی جووڵەی تیرۆرستان بۆ گەوشی ئێستای عێراق دەگەڕێتەوە، ئەمەش بۆتە ھۆکاری دەرفەتدان بە چەکدارانی داعش بۆ ئەوەی بەخۆیان بکەون و دەست بەکردەوەی تیرۆرستی بکەن".
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکان دەڵێت: "چاوەڕێی ڕەوشی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی بزانین پرۆسەی سیاسی عێراق و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بەکوێ دەگات، تا ئێمەش دەست بە دانوستان بکەین بۆ میکانیزمێکی نوێ لەبارەی ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم".
جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ھۆکاری سیاسی لەپشت دواخستنی ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی ناوچەکانیان ھەیە، بەتایبەتی ناردنی ھێزی ھاوبەش بۆ ئەو ناوچانەی مەترسی ئەمنیان ھەیە، چونکە بڕیاربوو بە ھاوبەشی ڕەوشی ئەمنی کۆنتڕۆڵ بکرێت".
قائید میرۆ




